هاندەرانی عێراق بۆ رۆناڵدۆ: ئەمجارە داوای لێبووردنەکەت قبوڵ ناکەین

16-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵد
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی تۆپی پێی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپەینێکیان بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی دەستپێکردووە و پەیامێکی روونیان هەیە "ئەمجارە داوای لێبووردنەکەت قبوڵ ناکەین رۆناڵدۆ".
 
پەیامی هاندەرانی عێراق روونە و تێیدا هاتووە "لە یەکەمجاردا گوتت نەخۆشیت و لێت تێگەیشتین. باوکی جونیۆر، گوێ لە قسەکانی سعودیە مەگرە پێت دەڵێن عێراق ئارام نییە، پرسیار لە بنزیما بکە، پرسیار لە کانتی بکە، پرسیار لە هاوڕێکانت لە یانەی نەسڕ بکە."
 
هاندەرانی عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە بۆ بینینی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە و دەڵێن "نەک ملیۆنێک و دوو ملیۆن، هەموو وەرزشکارێکی عێراقی چاوەڕێی ئەم ساتەیە. پیربووین لەپێناو ئەم ساتەدا، رۆناڵدۆ دوای کۆتاییهاتنی مەشقەکان لە بەغدا پیاسە بکات. ئەو پیاوەی لەسەر شاشەکان و تەلەڤزیۆن دەیبینین، لەبەردەمماندا دەبێت لەنێو یاریگە و لە بەغدای پایتەخت".
 
تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، یانەی نەسڕی سعودی خستە کۆمەڵەیەکەوە کە یانەکانی زەورای عێراقی، ئیستقلولی تاجیکی و گۆوای هیندی لەخۆدەگرت. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جۆش و خرۆشێکی گەورە لای هاندەرانی عێراق بۆ بینین و پێشوازیکردن لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕ لە وڵاتەکەیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە