رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دوو یانەی بەنێوبانگی کوردستان دەیانەوێت خۆیان لە خولی یانە نایابەکان بکشێننەوە و پێیان وایە ناحەقیان بەرامبەر دەکرێت.
هەردوو یانەی نەورۆز و دەربەندیخان کە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمی خولی کوردستان یارییدەکەن، لە ئاستی ناوبژیوانانی خولەکە ناڕازین و بەهۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن ناحەقیان بەرامبەر دەکرێت، دەیانەوێت خۆیان لە خولەکە بکشێننەوە.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی دەربەندیخان و پێشمەرگەی هەولێر، کە دەربەندیخان یارییەکەی بە 1-2 دۆڕاند، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا سەیف جەمیل، گۆڵپارێزی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەگەڵ هێرشبەرێکی یانەی دەربەندیخان مایەوە و هێرشبەرەکەی بەردایەوە، ناوبژیوان تەنیا کارتی زەردی دایە گۆڵپارێزەکە، یانەی دەربەندیخان پێی وایە دەبووایە گۆڵپارێزەکە بکرێتە دەرەوە.
جەمال عەلی، سەرۆکی یانەی دەربەندیخان لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو بەشداربوو و گوتی " دیکۆمێنت هەیە کە ناحەقیمان بەرامبەر کراوە و گۆڵپارێزی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە تووندی لە یاریزانێکی ئێمەی داوە، بەڵام ناوبژیوان گۆڵپارێزەکەی نەکردە دەرەوە".
جەمال عەلی، سەرۆکی یانەی دەربەندیخان لە پەیامێکدا لە بارەی رووداوەکانی ئەو یارییە دەڵێت " پاڵپشتی خۆم بۆ یانە، دەستەی هونەری و یاریزانان دووپاتدەکەمەوە و ئەوەی لە توانادابێت بە هاوکاری ئەندامانی یانەکە دەکەین بۆ بەرز راگرتنی ناوی یانەکە و گەڕانەوە بۆ سەر سەرکەوتنەکان".
سەرۆکی یانەی دەربەندیخان زیاتر گوتی " لە هەڵەی زەق و کوشندە خۆشنابین و هەرچی زووە سکاڵای یاسایی لەسەر دەستەی ناوبژیوانانی یارییەکەمان بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر تۆماردەکەین".
سیروان سەلمان، یەکێک لە ناوبژیوانەکانی پێشووی کوردستان و عێراق لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو گوتی " ئەگەر بەپێی یاسا سەیری دیمەنەکان بکەینەوە، گۆڵپارێزەکەی پێشمەرگەی هەولێر شایستەی کارتی سوور نەبوو، چونکە هێرشبەرەکە بەتەواوی تۆپی لەژێر کۆنتڕۆڵ نەبووە، بەرامبەر گۆڵیش نەبووە، بۆیە ناوبژیوان بڕیارێکی دروستی داوە و ناوبژیوانەکە ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی بەتوانایە".
لە وەڵامی ئەو قسانەی سیروان سەلمان، سەرۆکی یانەی دەربەندیخان دەڵێت " بمانزایبایە ئاوایە بەشداریمان لە خولی کوردستاندا نەدەکرد، هەڵەکان بە ئاشکرا دیارن، ناوبژیوان هەیە لە دەرەوە لەبارەی ئەو رووداوانە پەیوەندییان پێوەکردووم، کە ئاستیان زۆر لە ناوبژیوانەکانی ئێمە باشترە".
جەمال عەلی زیاتر دەڵێت " ئەگەر بە ئاشکرا دژایەتیمان دەکەن و رێگە لە سەرکەوتنمان بۆ قۆناخی داهاتوو دەکرن، با بە ئاشکرا پێمان بڵێن و ئێمەش بە بکشێینەوە".
سەرۆکی یانەی دەربەندیخان گوتیشی " ئێمە و نەورۆز رکابەری سەرەکین لە کۆمەڵەکەدا بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو، پەیوەندیمان بە یانەی نەورۆزیشەوە کردووە و ئەوانیش پێیانگوتووین کە ئەوانیش سووتاوی دەستی ناوبژیوانن و ئەگەر نایانەوێت ئێمە بگەینە قۆناخی داهاتوو با پێمان بڵێن".
جەمال عەلی زیاتر گوتی " ئێمە گومانمان هەیە یارییەکەمان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر فرۆشرابێت، چونکە پێش یارییەکە یاریدەدەری ناوبژیوان لە کاتی خۆ گەرمکردنەوە لەگەڵ یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر بووە و ئێمەش گومانمان هەیە".
سەرۆکی یانەی دەربەندیخان دەڵێت " ئەگەر یانەی نەورۆز خۆی لە خولەکە بکشێنێتەوە، ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەوان هەمان رامان دەبێت و دەکشێینەوە.
هەرچی یانەی نەورۆزە لە یاریی رابردوویان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر، لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، بەڵام کاتێک لێدانەکە جێبەجێکرا ناوبژیوان بڕیاریدا لێدانەکە دووبارەبکرێتەوە و بۆ جاری دووەم ئاراز مستەفای یاریزانی ئەو یانەیە نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات، یانەی نەورۆز پێی وایە نەدەبووایە ئەو لێدانە دووبارەبکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو یانەی نەورۆز بەهۆی ئەوەی پێی وایە ناحەقیی زۆریان لە یارییەکاندا بەرامبەر دەکرێت دەیەوێت خۆی لە خولی کوردستان بکێشێتەوە، بۆ ئەوەش یانەکە کۆبوونەوەی خۆی دەکات و بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە دەدات.
یانەی دەربەندیخان دوای 11 گەڕی کۆمەڵەی دووەمی خولی کوردستان، ئێستا بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی نەورۆز 12 خاڵی هەیە و پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ