کۆرتوا هێرش دەکاتە سەر ئەنچێلۆتی و هاوڕێکانی

17-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیبۆ کۆرتوا کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر و هاوڕێکانی و بە تووندی رەخنە لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەیان دەگرێت.
 
گۆڵپارێزی بەلجیکی رەخنەی تووندی لە شێوازی یاریکردنی یانەکەی گرت بەرامبەر ئارسیناڵ دوای کرانەدەرەوەی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ.
 
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بلیتی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ریال مەدریدی بردەوە، کە لە یاریی چوونیشدا 3-0 لێیبردبووەوە.
 
دوای یارییەکە تیبۆ کۆرتوا لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکاران، دانی بەوەدا نا کە ئەوان شایەنی دۆڕان بوون و ئارسیناڵ شایستەی سەرکەوتن بوو، گوتی "ئارسیناڵ لە ئێمە باشتربوو، هەر بۆیەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئێستا دەبێت هەندێک رەخنە لەخۆمان بگرین، هەندێکجار دەبێت وەک تیپێک یاری بکەین، نەک پشت بە توانای تاکەکەسی ببەستین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "دۆزینەوەی رووبەر لەبەردەمیاندا قورس بوو، زۆر پاسی درێژمان دا، بەڵام ئەمساڵ خۆسێلۆمان نەبوو، ئەو هێرشبەرە بەتوانایەی لەپێشەوەیە دەتوانێت چارەسەری بۆ پاسە درێژەکان بدۆزێتەوە و بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات".
 
خۆسێلۆ رۆڵێکی گرنگی بینی لە سەرکەوتنی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی رابردوودا، کە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا و لە دواخولەکەکاندا دوو گۆڵی بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی تۆمارکرد و ریمۆنتادای ئەنجامدا، بەڵام یاریزانە ئیسپانییەکە هاوینی رابردوو رووی لە یانەی غەڕافەی قەتەری کرد.
 
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە لەدرێژەی قسەکانیدا، گوتی "دەبێت رەخنە لەخۆمان بگرین و هەموو شتێک بەجددی وەربگرین، دەبێت وەک تیپێک زیاتر یاری بکەین و تەنیا پشت بە یاریی تاکەکەسی نەبەستین، چونکە ئەگەر ڤینیسیۆس یان ئێمباپێ بگرن، ئەوا کاریگەرییان نامێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە