رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رکابەرییەکانی یەکێک لە گەورەترین خولەکانی ئەورووپا کۆتاییدێت و رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکانی ئەورووپا و مانەوە لە خولەکەدا لە لووتکەدایە.
یارییەکانی وەرزی 2024-2025ـی بوندێسلیگای ئەڵمانیا کۆتاییدێن، یانەی بایرن میونشن نازناوەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردووەتەوە، بەڵام رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ و مانەوەی یانەکان لە خولەکەدا لە لووتکەدا دەبێت.
سەرجەم یارییەکانی گەڕی 34 و کۆتایی خولەکە کاژێر 16:30 بەڕێوەدەچن، یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولەکە لەنێوان هەردوو یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت و فرایبۆرگ دەبێت، هەردوو یانە رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکەن، ئینتراخت 57 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمە، فرایبۆرگ بە 55 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندە و هەر کامێکیان یارییەکەی ئەمڕۆیان بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بۆ ئەوەی هەردوو یانە بەیەکەوە سەربکەون، پێویستە بۆرووسیا دۆرتموند یارییەکەی بدۆڕێنێت.
ئینتراخت فرانکفۆرت بەبردنەوە و یەکسانبوون راستەوخۆ دەگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بە دۆڕان لە یارییەکەدا و دۆڕانی دۆرتموند بەرامبەر هۆڵشتاین کیل، یانەکە هەر دەگاتە چامپیۆنزلیگ.
یانەی فرایبۆرگ بەبردنەوەی و یەکسانبوو، لەگەڵ دۆڕانی دۆرتموند دەگاتە چامپیۆنزلیگ، ئەگەر یارییەکە بباتە راستەوخۆ سەردەکەوێت.
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەبردنەوەی یارییەکە و یەکسانبوونی ئینتراخت و فرایبۆرگ دەگاتە چامپیۆنزلیگ، یان فرایبۆرگ یارییەکە بدۆڕێنێت و دۆرتموند بیباتەوە یانەکە راستەوخۆ دەگاتە چامپیۆنزلیگ.
یانەی ماینز کە ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئەڵمانیایە، چاوی لە گەیشتنە بە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپییە، ماینز بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن یاریی دەکات، ئەگەر دۆرتموند بدۆڕێنێت و ئەوان بە جیاوازییەکی زۆر بیبەنەوە، رکابەرییەکەیان لەسەر گەیشتن بە یۆرۆپالیگ دەبێت، بەبردنەوە و یەکسانبوون یانەکە دەگاتە کۆنفرانسلیگ، بەمەرجێک لایپزیگ یارییەکەی بەرامبەر شتوتگارت بدۆڕێنێت، یانەی لایپزیگ بۆ ئەوەی بگاتە یۆرۆپالیگ پێویستە یارییەکەی بە جیاوازییەکی زۆر بباتەوە، ماینز و دۆرتموند یارییەکانیان بدۆڕێنن.
بۆ ئەوەی یانەکە بگاتە کۆنفرانسلیگ پێویستە یانەکە یارییەکەی بباتەوە و ماینز بدۆڕێنێت.
لە لایەکی دیکەوە و لە پلەکانی کۆتایی ریزبەندی خولەکە، رکابەرییەکی بەهێز هەیە، هەردوو یانەی بوخۆم و هۆڵشتاین کیل بۆ خولی پلە دوو دابەزیوون، یانەکانی سانت پاوڵی، هۆفێنهایم و هێدینهایم رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو لە خولەکەدا بمێننەوە.
یانەی سانت پاوڵی 32 خاڵی هەیە و لە پلەی چواردەیەمە، یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر بوخۆم یاریی دەکات.
یانەی هۆفێنهایم بە 32 خاڵ لە پلەی پازدەیەمە و یارییەکەیان بەرامبەر بایرن میونشنە لە یاریگەی خۆیدا.
یانەی هێدنهایم بە 29 خاڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکە یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی ڤێردێر برێمەنە.
یارییەکانی ئەمڕۆی بوندێسلیگا
هۆفێنهایم - بایرن میونشن 16:30
ماینز - بایرلیڤەرکوزن 16:30
فرایبۆرگ - ئینتراخت فرانکفۆرت 16:30
دۆرتموند - هۆڵشتاین کیل 16:30
ئوگسبۆرگ - یونیەن بەرلین 16:30
بۆرووسیا مۆنشنگلادباخ - فۆڵڤسبۆرگ 16:30
سانت پاوڵی - بوخۆم 16:30
هێدنهایم - ڤێردێر برێمەن 16:30
لایپزیگ - شتوتگارت 16:30
ئەمڕۆ بۆ خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا رۆژێکی تایبەتە، دوو رووداوی سەرنجڕاکێش و گرنگ روودەدەن، تۆماس مولەر، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن دوای 25 ساڵ یارییکردن لەسەر ئاستی لاوان و تیپی یەکەمی یانەی بایرن میونشن و بردنەوەی 34 نازناوی جیاواز، ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە یانە باڤارییەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە یانەی بایرلیڤەرکوزن دوایین یاریی خۆی لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ ئەنجامدەدات و ئەو راهێنەر ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات.
ئەلۆنسۆ لە 2022ـەوە راهێنەرایەتی بایرلیڤەرکوزن دەکات، لەگەڵ ئەو یانەیەدا ئەنجامی باشی بەدەستهێنا و وەرزی رابردوو یانەکەی کردە پاڵەوانی بوندێسلیگا، جامی ئەڵمانیا و سوپەری ئەڵمانیای بۆ یانەکە بردەوە و پلەی دووەمی یۆرۆپالیگی بەدەستهێنا.
ئەلۆنسۆ هێشتا گرێبەستەکەی رانەگەیێنراوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە دەبێتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ