باوکی نەیمار: شەونخونیی لەگەڵ کچان هۆکاری پێکانەکانی کوڕەکەم نییە

17-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا یانەی سانتۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باوکی نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی بەرازیل، بەرگری لە کوڕەکەی کرد، بەرامبەر ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێن بەهۆی زۆریی پێکانەکانی و ئاهەنگە بەردەوامەکانی.
 
باوکی نەیمار دەڵێ، شێوازی ژیانی نەیمار هۆکار نییە بۆ پێکانەکانی. ئەوەشی دووپاتکردووتەوە کە نەیمار بایەخ بەبەراوردکردنی بە لیۆنێل مێسی نادات.
 
باوکی نەیمار، کە ئێستا بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکانی یانەی سانتۆسدا ناکات، لە لێدوانی بۆ میدیای فەرەنسا رایگەیاندووە، "نەیمار تەنیا ئەو کاتانە دەچێتە دەرەوە کە پشووی هەیە یان یاریی نکات، پێموانییە چوونە دەرەوە لەگەڵ کچان هۆکاری پێکانەکانی بێت، پێتانوایە ئەو دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە، لەبەرئەوەی پۆکەری کردووە.
 
لە دوای رۆیشتنی ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا لە پاریس سانخێرمان، ئەو یاریزانە بەدەست پێکرانی زۆرەوە دەناڵێنێت، لەماوەی کەمی یارییکردن لەگەڵ هیلالی سعودی، دووچاری پێکانێکی قورسبوو، بەرلەوەی لەگەڵ سانتۆس بەهەمان شێوە دووچاری پێکان ببێتەوە.
 
باوکی نەیمار دووپاتیدەکاتەوە، مەحاڵە بتوانرێت یاریزان وای لێبکرێت دووچاری پێکان نەبێت، ئەو دەڵێ، نەیمار باشە، دۆخە دەروونییە باشەکەی و توانا جەستەییەکەی بەدەستهێناوە، تەنیا پێویستی بەبەدەستهێنانەوەی هەندێک خێرایی هەیە، دەنا هەموو شت بەپێی پلان و بەرەوپێشچوون بەڕێوەدەچێت.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، هێشتا نەیمار جێگەی بایەخە لەبازاڕی گواستنەوەدا، ئەم هەفتەیە دەچینە مەیامی بۆ قسەکردن لەگەڵ هەندێک یانە. دەبێ گوێبگرین و بڕیار بدەین، هەروەها هەندێک یانەش هەن کە بەشدارن لە چامپیۆنزلیگ.
 
 باوکی نەیمار روونیدەکاتەوە، بڕیاری کۆتایی پەیوەستە بە چاکبوونەوەی یەکجاریی نەیمار، دواتر ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی 2026 کە نەیمار دەیەوێت لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی یاریی بکات.
 
باوکی نەیمار دەڵێ، "نەیمار خۆی بەمێسی بەراورد ناکات، ئامانجی ئەو، بەدەستهێنانی بردنەوەی مۆندیالە لەبەر بەرازیل، لەپێناو هاندەرەکانی، چاوەڕێین ئەو لەگەڵ ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و رافینیا یاریی بکات".
 
دوو هەفتە لەمەوپێش، یانەی سانتۆس کە گرێبەستی لەگەڵ نەیمار تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ هەیە رایگەیاند، ئەو یاریزانە تووشی کۆرۆنا بووە و لەژێر چاکبوونەوەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە