نەیمار گرێبەستەکەی نوێکردەوە و باسی خەونی داهاتووی دەکات

دوێنێ کاژێر 12:52
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا هەڵبژاردەی بەرازیل یانەی سانتۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی بەرازیلی، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سانتۆسی بەرازیلی تاوەکو کۆتایی 2026 راگەیاند.
 
نەیمار خۆی لە پلاتفۆرمەکانی یانەی سانتۆسدا دەرکەوت و رایگەیاند تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت.
 
نەیمار لە راگەیێنراوی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا دەڵێ، "ساڵی 2025 ساڵێکی تایبەتی پڕ لە ئاڵنگاری بوو بۆ من، ساڵێک کە ساتی خۆشی و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی تێدابوو کە ئەگەر خۆشەویستیی ئێوە نەبووایە، بەدڵنیاییەوە نەمدەتوانی تێی بپەڕێنم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ساڵی 2026 هات، بەڵام چارەنووس رێگەی نەدا رێگەکە جیاواز بێت، سانتۆس شوێنی منە، هەستدەکەم لە ماڵەکەی خۆمم، ئارام و دڵخۆشم، لەگەڵ ئێوەدا دەمەوێت خەونەکانی دیکەم بەدی بهێنم".
 
نەیماری 33 ساڵان، مانگی یەکی رابردوو گەڕایەوە بۆ یانەکەی منداڵیی و وێڕای ململانێی لەگەڵ پێکانەکان و دابەزینی ئاستی تیپەکەی، رۆڵی گەورەی هەبوو لە خۆپاراستن لە دابەزین لە یارییەکانی کۆتایی وەرزەکەدا.
 
یانەی سانتۆس لە 22ی مانگی دوانزەی رابردوو رایگەیاند نەیمار بەدەست زنجیرەیەک پێکانەوە لە ئەژنۆیدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ناڵاندوویەتی، هەر بۆیە نەشتەرگەرییەکی سادەی لە ئەژنۆی چەپیدا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.
 
نەیمار لە دوای پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو لە مانگی دەی ساڵی 2023ەوە هیچ یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجام نەداوە، خەونی ئەو یاریزانە بەشداریکردنە لە مۆندیالی داهاتوو.
 
پێشتر ئەگەرچی گوشاری زۆر لە کارلۆ ئەنچێلۆتی کرابوو بۆ ئەوەی نەیمار بانگهێشت بکات، بەڵام ئەو راهێنەرە سووربوو لەسەرئەوەی تاوەکو نەیمار لە رووی جەستەییەوە لەسەدا سەد ئامادەنەبێت، بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی نەکات.
 
ئەنچێلۆتی تەنانەت دڵنیایی نەداوە لەوەی نەیمار بباتە مۆندیالی داهاتوو و دەڵێ پێویستە هەر یاریزانێک دێتە مۆندیال، لەسەداسەد بۆ یارییکردن ئامادەبێت.
 
نەیمار لە دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی سانتۆس لە سەرەتای 2025 کۆی 11 گۆڵی لە 34 یارییدا بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە