شێفێک سکاڵا لەسەر نەیمار تۆماردەکات و دەڵێ رۆژانە خواردنی 150 کەسی پێ ئامادەکردووم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا سانتۆس هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شێفێکی بەرازیلی، سکاڵایەکی یاسایی لە دژی نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی یانەی سانتۆس تۆمارکردووە، تۆمەتباری کردووە بەوەی کاژێری زیادە کاری پێکردووە و لە یاساکانی کارکردن لایداوە.
 
شێفەکە لە دەقی سکاڵاکەیەدا ئاشکرایکردووە، نەیمار ئەوی ناچارکردووە زۆر کاژێری زیادە کاربکات، کە زۆر زیاتربووە لەوەی بەپێی رێکەوتن و یاسا دەبوو ئەنجامی بدات، تەنانەت ئەو ناچاربووە وەک ماراسۆن لە مەتبەخ کاربکات و تاوەکو نیوەشەو بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی خواردن دروست بکات.
 
شێفەکە هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە رۆژانە ناچاربووە 16 کاژێر لە نێو چێشتخانەدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی خواردن بۆ نەیمار و دارودەستەکەی ئامادە بکات کە ژمارەیان 150 کەس بووە.
 
چیرۆکەکە لە مانگی حەوتی ساڵی 2025 دەستیپێکردووە، کاتێک نەیمار لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی مانگاراتیبای گرانبەها لە نزیک ریۆ دی جانێرۆ نیشتەجێبووە، پاشئەوەی گەڕایەوە بەرازیل.
 
شێفەکە گوتوویەتی کارەکە لەسەرەتادا ئاسان دەهاتە بەرچاو، من دەبوو شێفێکی تایبەت بم و لە کاژێر حەوتی بەیانییەوە تاوەکو پێنجی ئێوارە، هەفتانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ کارەکە بکەم و رۆژانی هەینیش تاوەکو کاژێر چواری ئێوارە کارمدەکرد، بەڵام لەناکاو هەموو شت گۆڕا.
 
ئەو شێفە لە سکاڵاکەیدا ئاشکرایکردووە، کاژێرەکانی کارکردنی رۆژانەی تاوەکو 11ی شەو درێژبووەتەوە، تەنانەت لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەش کە دەبوو پشوو بێت، ئەو هەر سەرقاڵی خواردن ئامادەکردن بووە بۆ ئەو لێشاوە هاوڕێ و میوانەی نەیمار کە روویان لە ماڵەکەی کردووە.
 
شەکەتبوون و ماندووبوونەکەی شێفەکە، بەپێی ئەوەی لە سکاڵاکەیدا نووسیویەتی، تەنیا لە کاتدا نەبووە، بەڵکو وەک ئەو دەڵێ، ناچاربووە کاری زۆر قورس بکات، وەک گواستنەوەی دە کیلۆ گۆشت بەیەکجار، یان ئەو خۆراک و کەرەستانەی لە بازاڕەوە دەهێنران، هەروەها راوەستان بۆ ماوەی درێژ بەبێئەوەی بەبێئەوەی پشوو وەربگرێت.
 
لەگەڵ تێپەڕینی مانگەکان، شێفەکە وەکخۆی دەڵێت، ئیدی ئازاری پشت و هەوکردنی جوومگەکانی رانی دەستیانپێکردووە، ئەوەش بەهۆی گوشاری بەردەوام و ماندووبوونی زۆری جەستەی.
 
ئەو دۆکۆمێنتانەی شێفەکە داویەتییە دادگا، دەریدەخات کە ئەو شێفە مانگانە نزیکەی 7500 ریالی بەرازیلی کە دەکاتە نزیکەی 1250 یۆرۆ وەرگرتووە، بەڵام ئێستا داوای 262 هەزار ریالی بەرازیلی، واتە نزیکەی 40 هەزار یۆرۆ دەکات، وەک قەرەبووی ئەو کاتە زیادانەی کاری بۆ نەیمار کردووە، لەگەڵ قەرەبووی پێنەدانی پشوو و تیچووی چارەسەری پزیشکیش.
 
میدیای بەرازیل سەرنجی زۆریان خستووەتە سەر داواکاریی شێفەکە، ئەوان دەڵێن شێفەکە تەنانەت سکاڵای لەسەر ئەو کۆمپانیایەش تۆمارکردووە، کەو بووەتە میانگیری نێوان ئەو و نەیمار بۆ کارەکە.
 
سکاڵای شێفەکە لە کاتێکدایە کە نەیمار هەوڵی زۆر دەدات بۆ بەدەستهێنانەوەی توانای جەستەیی و بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو، پاش گەڕانەوەی بۆ یانەی سانتۆس.
 
ئەگەرچی میدیای بەرازیل زۆر باسی سکاڵای شێفەکە دەکەن و رۆژانە وردەکاریی زیاتری لەبارەوە بڵاودەکەنەوە، بەڵام هێشتا ئەو یاریزانە، هیچ لێدوانێکی لەبارەی سکاڵاکەوە نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە