فلیک یاریزانێکی نوێ بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا سەردەخات

17-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یۆفرێ تۆرێنس
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، لە کۆبوونەوەکانیاندا بۆ داڕشتنی پلانی بازاڕی گواستنەوە، گەیشتوونەتە بڕیارێکی نوێ. فلیک دەیەوێت بەرگریکارێک بۆ تیپەکەی زیادبکات، بەڵام دۆخی ئابووری یانەکە رێگرە، بۆیە راهێنەرە ئەڵمانییەکە چارەسەرێکی لە نێوخۆی یانەکەدا دۆزیوەتەوە.
 
فلیک بڕیاریداوە پلانەکەی بۆ یۆفرێ تۆرێنس، یاریزانی لاوی یانەکە پێشبخات، بڕیاربوو ئەو یاریزانە لە تیپی دووەم بمێنێتەوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە بە ئاستی لە کاتی ئامادەکارییەکاندا سەرسامە و پێیوایە یاریزانێکی پێگەیشتووە و دەتوانێت رکابەری باڵدێ بکات.
 
ئەم پلانە نوێیە دوای رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز و مانەوەی جیرارد مارتن دێت. بە سەرخستنی یۆفرێ بۆ تیپی یەکەم، پێکهاتەی یانەکە دادەخرێت و تەنیا چاوەڕێی گواستنەوەی بەرگریکارێکی چەپی لاو دەکرێت تەمەنی لە خوار 23 ساڵ بێت. فلیک ئامادەیە گرەو لەسەر ئەو یاریزانە لاوە بکات، هەروەک هاوینی رابردوو لەگەڵ بێرنال و کاسادۆ کردی.
 
یۆفرێ لە تەمەنی 18 ساڵیدا یەکەم یاریی خۆی لە لالیگا ئەنجامدا و دوای یارییەکە گوتی "خەونێکم بەدیهێنا، یاریکردن لە لالیگا لەگەڵ بارسێلۆنا شتێک بوو هەمیشە ویستوومە. من و خێزانەکەم زۆر دڵخۆشین".
 
یانەی بارسێلۆنا بەوە لە هەمووان جیادەکرێتەوە کە ئەکادیمیای لاماسیا هەمیشە یاریزانی بەتوانا بەرهەم دێنێت و زۆریان دەبنە ئەستێرە و بارسا لە خراپترین دۆخەکانیدا دەتوانێت سوودیان لێوەربگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە