هانزی فلیک تووڕەیە و هۆشدارییەکی تووند دەداتە یاریزانەکانی

17-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەر یانەی بارسێلۆنا، بە تووندی هۆشداری داوەتە یاریزانەکانی و بۆیانی دووپاتکردووەتەوە کە پابەندنەبوون واتا سزادان و دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ.
 
فلیک تاوەکو ئێستا چەندی ئەستێرەیەکی تیپەکەی لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخستووەتەوە و لەسەر کورسیی یەدەگ داینیشاندوون، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی تیپەکە و پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی راهێنەر.
 
لەدوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی کەتەلۆنی، هانزی فلیک سیستمێکی تووندوتۆڵی سەپاندووە کە سازش لەگەڵ یاریزانەکان قبوڵ ناکات، چ لەنێو یاریگەدا بێت یان لە دەرەوەی. فلیک پابەندبوونی تەواو بە رەوشت و رەفتاری پیشەیی دەکاتە مەرج و دوودڵ نییە لە سزادانی هەر یاریزانێک و هەر ناوێک کە کەمتەرخەمی یان سەرپێچییەک بکات.
 
لە وەرزی یەکەمی راهێنەرایەتی خۆیدا، ئیناکی پینیا یەکێک بوو لەو یاریزانە دیارانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پێکانەکەی تێرشتیگنەوە وەک گۆڵپارێزی یەکەم دەرفەتی پێدرا، بەڵام دوای ئەوەی درەنگ گەیشتە کۆبوونەوەیەکی گرنگ پێش قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، شوێنی خۆی لەدەستدا، کە ئەمەش بووە هۆی دابەزینی پێگەی لە تیپەکەدا و دواتریش گواستنەوەی بەشێوەی خواستن بۆ ئێلچی. 
 
هەروەها لەو ماوەیەدا هێکتۆر فۆرت بەهۆی سەرپێچییەکی رێساییەوە رۆیشت، دوای ئەوەی لە گەڕانەوەی بۆ مەشقەکان درەنگ کەوت بەهۆی ئاهەنگگێڕانی بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی لامین یامالی هاوڕێی.
 
ژول کوندێش بەهۆی یاسا تووندەکانی فلیکەوە کاریگەری لەسەر دروست بوو، هەروەها رافینیا، کە سزای راگرتنی بەسەردا سەپێنرا دوای ئەوەی بۆ مەشقەکانی خۆگەرمکردن پێش یاریی ڤالێنسیا درەنگ کەوت، سەرەڕای ئەوەی پێویستی بە پشوو بوو دوای وەستانی نێودەوڵەتی، بەڵام رافینیا دەستبەجێ داوای لێبوردنی کرد و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی یەکلاکەرەوە دوای ئەوەی وەک یاریزانی یەدەگ هاتە نێو یاریگەوە، شایستەیی خۆی سەلماند و پابەندبوونی خۆی بە بەدیهێنانی ستانداردە بەرزەکانی راهێنەر دووپاتکردەوە.
 
سیاسەتی فلیک لە پابەندبوونی توندوتۆڵدا رۆحی پیشەیی لەنێو یانەی بارسێلۆنادا بەهێزتر دەکات، و پەیامێکی روون دەنێرێت، کە بریتییە لەوەی "پابەندبوونی تەواو کلیلێکە بۆ سەرکەوتن و هیچ شوێنێک بۆ گاڵتەجاڕی یان کەمتەرخەمی لەنێو تیپەکەدا نییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە