رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی بەنیازن ماریۆ بالۆتێلیی هێرشبەری ئیتاڵی، لە خولی تورکیاوە بگەڕێننەوە پرێمەرلیگ.
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، بەرپرسانی نیوکاسڵ پلانیان داناوە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ماریۆ بالۆتێلی، هیرشبەری یانەی ئەدەنەسپۆری تورکی بکەن و لەم زستانەدا درێسی یانەکەی پرێمەرلیگ لەبەربکات.
یانەی نیوکاسڵ کە بووەتە موڵکی سعودییەکان، بەنیازە لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا بەپەلە چەند گرێبەستێک بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە دابەزین لە پرێمەرلیگ بپارێزێت، ئینجا لە پلانیاندایە کۆمەڵێک ئەستێرە بگوازنەوە یانەکەیان، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگیش رکابەری بکات.
رۆژنامەکانی بەریتانیا دووبارەی دەکەنەوە کە بەرپرسانی نیوکاسڵ بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ بالۆتێلی دەکەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ دەستەوارەیەکیان پێشکێشی یانەی ئەدەنەسپۆری تورکی نەکردووە.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستی بالۆتێلی لەگەڵ یانە تورکییەکەدا هەیە، بەڵام هێشتا نەزانراوە کە بەهاکەی چەندە.
ماریۆ بالۆتێلی، کە هەمیشە کێشە دروستدەکات، پێشتر دوو ئەزموونی لەگەڵ دوو یانەی پرێمەرلیگ تاقیکردووەتەوە، یەکەمیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی و دووەمیشیان لەگەڵ لیڤەرپوول.
بالۆتێلی تاوەکو ئێستا 20 یاری بە درێسی ئەدەنەسپۆرەوە کردووە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 8 گۆڵی کردووە و 4 ئاسیستیشی هەیە.
ماریۆ بالۆتێلی لە هاوینی 2020 گەڕایەوە ئیتاڵیا، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی بریشیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیانتوانی بگەنە خولی پلە یەکەکانی ئیتاڵیا، دواتر ماوەی 6 مانگ بەبێ یانە مایەوە بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی مانزۆ، ئینجا جارێکی دیکە بەبێ یانە مایەوە، تاوەکو چووە ریزەکانی ئەدەنەسپۆر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ