رووداو دیجیتاڵ
فرانک کیسێ، ئەستێرەی کوتدیڤواریی یانەی ئەهلی سعودی، ئەو مشتومڕانەی یەکلاییکردەوە، کە لەسەر وەرگرتنی درێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی کاپتنی یانەی نەسڕ هاتبوونە ئاراوە، و دەڵێت "مەحاڵە داوای درێسی کریستیانۆم کردبێت".
لە گەڕی بیستەمی خولی رۆشنی سعودیەدا، یانەی ئەهلی لە شاری جددە میوانداریی یانەی نەسڕی کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ پێیدۆڕا.
دوای یارییەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە بەشێک لە یاریزانانی یانەی ئەهلی چوونەتە ژووری جلگۆڕینی نەسڕ بۆ وەرگرتنی درێسەکەی رۆناڵدۆ. هەروەها میدیاکان وا بڵاویانکردەوە کە کیسێ ئەو کەسە بووە کە درێسەکەی کریسی بەدەستهێناوە.
کیسێ دەتەقێنێتەوە
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوبووەوە، کە دوای سەرکەوتنی ئەهلی بەسەر غەڕافەی قەتەری بەئەنجامی 4-2 لە کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیادا گیراوە.
لەو ڤیدیۆیەدا هاندەران پرسیاریان لە کیسێ کرد سەبارەت بە وەرگرتنی درێسەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەویش بە ئینگلیزی وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەمە مەحاڵە".
دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە کە کیسێ داوای درێسی رۆناڵدۆی کردووە، لەلایەن بەشێکی زۆری هاندەرانی بارسێلۆناوە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە رەخنە لەو یاریزانە گیرا، بەو پێیەی پێشتر یاریزانی بارسێلۆنا بووە و ناکرێت داوای درێسی رۆناڵدۆ بکات.
یانەی ئەهلی بەردەوامە لە درەوشانەوە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا، کە تێیدا ریکۆردەکەی بەهێزترکرد بەمانەوە بەبێ شکست و ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 22 خاڵ، دوای ئەوەی حەوت سەرکەوتن و یەک یەکسانبوونی بەدەستهێنا.
تیپەکە بەشێوەیەکی کاتی پێشەنگی ریزبەندیی گرتووە و چاوەڕێی ئەنجامی یارییەکەی هیلالە لەگەڵ یانەی وەسڵی ئیماراتی، کە ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ