رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە مانچێستەر سیتی پێشاندا و دەڵێت "چامپیۆنزلیگ بۆ ریال مەدرید تایبەتە و ئێمە بەرامبەر باشترین یانەکانی ئەورووپا یاریی دەکەین."
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای بردنەوەی لە مانچێستەر سیتی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "وەکو ئەوەی دوێنێ گوتم، بابەتەکە پەیوەندی بە کوالێتی و رەفتار و بەهرەی یاریزانەکانەوە هەیە، بردنەوە لەم دوو یارییەدا ئاڵۆزە و ئاسان نەبوو، چونکە بەرامبەر تیپێکی گەورە وەستاین و خاوەنی پێکهاتە و راهێنەرێکی مەزنە، ئاسان نەبوو. زۆر کەمبوون ئەوانەی پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئێمە لە هەردوو یارییەکەدا دەیبەینەوە، بەڵام بردمانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کارەیە کە یاریزانەکان ئەنجامیانداوە و بەتەواوی شایەنی ئەمەن."
لەبارەی ئەوەی ئایا لە رووی تاکتیکەوە لە گواردیۆلای بردووەتەوە؟ ئەربێلوا دەڵێت "هەرگیز ناوێرم بڵێم کە لە رووی تاکتیکییەوە لە پێپ گواردیۆلام بردەوە، چونکە ئەو نزیکەی 1000 یاریی وەک راهێنەر ئەنجامداوە. ئەو نازناوی زۆری بردووەتەوە. ئێمە رووبەڕووی یەکێک لە باشترین تیپەکانی ئەوروپا بووینەوە و بەهۆی کار و کۆششی یاریزانەکانمانەوە سەرکەوتین، کە تێگەیشتن لەوەی داوامان لێکردبوون. وەکو راهێنەرێک هەمیشە خوێندنەوە بۆ رکابەرەکانمان دەکەم و دەبینم چۆن ئازاریان بدەم. بڕوام وایە ئەم سەرکەوتنە وەک گروپێک بەهێزمان دەکات، ئەمە بۆ من نییە بەڵکو بۆ یاریزانەکانە، چونکە شایەنی ئەم پاداشتەن لەبەر ئەو هەوڵەی دەیدەن. بارودۆخێکی ئاسان نەبوو بەهۆی دابڕانی یاریزانی زۆرەوە، بەڵام ئێمە بە خێزانی و بە تیم دەمێنینەوە ئەمە کلیلی ریال مەدرید بووە لە هەر کاتێکدا کە لە رابردوودا بووەتە پاڵەوان."
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی پێکانی کۆرتواوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "کۆرتوا هەستی بە کەمێک ناڕەحەتی کرد، ویستی بەردەوام بێت، بەڵام پێویست نەبوو هیچ سەرکێشییەک بکەین، چونکە چوار رۆژی دیکە یارییەکی کۆتایی دیکەمان هەیە، کە دێربییەکی زۆر گرنگە. ئێمە بەختەوەرین کە گۆڵپارێزێکی دیکەی گەورەی وەک لۆنینمان هەیە، کە جێگەی متمانەیە. ئەرکی ئەو ئاسان نییە. سەبارەت بە ئێمباپێ، زۆر دڵخۆشم بە بینینی لە نێو یاریگادا. بینیم بە خێرایی یاری دەکرد. هەستێکی زۆر باشی هەبوو، تاوەکو رۆژی یەکشەممە دەبینین چی دەکەین."
ئەلڤارۆ ئەربێلوا باس لە رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن لە قۆناخی داهاتوودا و دەڵێت "دەزانین خولی پاڵەوانەکان بۆ ریال مەدرید تایبەتە، بەڵام ئێمە رووبەڕووی باشترین تیپەکانی ئەوروپا دەبینەوە، وەکو مانچێستەر سیتی، ئێستاش بایرن میونشن، رەنگە لە داهاتوودا پاریس سان جێرمان، نازانین. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بییانبەینەوە، دەبێت وەک ئەمڕۆ و وەک شەش رۆژ لەمەوپێش یاری بکەین. هەروەها پێویستت بە کەمێک بەختیش هەیە. دەبێت کەمێک باشتر بیت و بەختت هەبێت، وەک چۆن پێموایە لەم دوو یارییەدا کەمێک بەختمان هەبوو، بەڵام شایەنی ئەوە بووین لە مان سیتی ببەینەوە، ئێمە 5-1 لێمان بردنەوە، بۆیە ئەم ئەنجامە هەموو شتێک دەڵێت. بەردەوام دەبین، چاومان لە داهاتووە و بەرەو رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن دەڕۆین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ