یانەی زەورا بۆ رووداو سپۆرتس: داوای ڤیزامان بۆ رۆناڵدۆ کردووە

18-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی زەورا
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی زەورای عێراقی لەبارەی هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ شاری بەغدا ئاشکرایکرد، ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ شاندی یانەی نەسڕی سعودی پێشکێشی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراوە بۆ ئەوەی ڤیزای بۆ وەربگیرێت و بێتە بەغدا. 
 
بڕیارە رۆژی یەکی مانگی دەی ئەمساڵ لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا یانەی زەورا لەنێو یاریگەی خۆیدا لە بەغدا میوانداریی یانەی نەسڕی سعودی بکات، کە یانە سعودییەکە بەشێوەیەکی فەرمی ناوی زیاتر لە 100 کەسی بۆ یانە عێراقییەکە ناردووە بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەربگیرێت. 
 
یەحیا محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زەورا، لەبارەی هاتنی رۆناڵدۆ بۆ شاری بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە لەنێو لیستی یاریزانان و شاندی یانەی نەسڕ ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆمان لەبەردەستە و ئەوان پێشکێشیان کردووین کە ڤیزای بۆ وەربگرین و ئەویش لەگەڵ نەسڕ بەشداری یارییەکە بکات". 
 
وەرزی رابردوو یانەی نەسڕ لە هەمان پاڵەوانێتیی لەنێو یاریگەی مەدینە لە بەغدا یاری لەگەڵ یانەی شورتە کرد، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەنەبوو سەردانی پایتەختی عێراق بکات. 
 
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی یانەی زەورا زیاتر روونیکردەوە "هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی و میوانداریمان بۆ هاتنی یانەی نەسڕ و رۆناڵدۆ کردووە، بەجوانترین شێوە پێشوازییان لێدەکەین". 
 
یانەی زەورا لە یەکەم یارییدا لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا لە یانەی گوای هیندی بردەوە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر، یانەی نەسڕیش بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ئیستقلال دوشەنبەی تاجیکستانی بردەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە