رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 1988، پاولۆ مانتۆڤانی، سەرۆکی یانەی سامپەدۆریا دڵخۆشبوو بەبردنەوەی دووەم نازناوی جامی ئیتاڵیا لە مێژووی یانەکەدا. ئەوکات ژمارەیەک هاندەری بە وەفا و رۆژنامەنووسی بانگهێشتکرد بۆ ئێوارەخوانێک لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی میلان. یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان، ئینزۆ دۆرسی، خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی جامی سوپەری ئیتاڵیا بوو، کە دواتر بووە یەکێک لە گرنگترین پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەشانێکی دیکەی جامی سوپەری ئیتاڵیا دەستپێدەکات، ناپۆلی رووبەڕووی میلان دەبێتەوە و براوەیان، بەرامبەر براوەی نێوان ئینتەر و بۆڵۆنیا، یاریی کۆتایی جامەکە ئەنجامدەدات.
ئەوکات دۆرسی، کە ساڵی 2024 کۆچی دواییکردووە، لە ئێوارەخوانەکەدا، کەوچکەکەی دەستی بەنێو قاپێک پاستادا دەگێڕا و گوێی بۆ قسەی نێوان هاندەرەکان و سەرۆکی یانەکە هەڵخستبوو، کاتێک لەناکاو گوتی: بۆچی سامپدۆریا بەرامبەر میلانی براوەی نازناوی خول یاریی نەکات؟ ئینگلیزەکان ئەوە دەکەن و ئێمەش دەتوانین بیکەین.
بیرۆکەکە لەلایەن مانتۆڤانییەوە پەسندکرا، چونکە ئەو دەیویست وەک سەرۆکی یانە، نازناوی زیاتر بەدەست بهێنێت، ئەو راستەوخۆ پەیوەندی بە بلوچیانۆ نیزۆلای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵییەوە کرد و کاتێک ئەو پرسیاری لێکرد، پارەی گواستنەوەی یارییەکە لە تەلەڤیزیۆن بۆ کوێ دەڕوات؟ ئەو راستەوخۆ وەڵامیدایەوە، پارەکە دەدەینە ئەو یانەیەی مەترسیی مایەپووچبوونی لەسەرە. بیرۆکەکە لەلایەن مانتۆڤانییەوە پەسندکرا و پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ سێلڤیۆ بێرلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیتاڵیا، بڕیاری ئەنجامدانی یەکەم جامی سوپەر درا و تیپەکە یارییەکەی بە 3 - 1 گۆڵ بردەوە.
دۆرسی رۆژنامەوانێکی لایەنگری سامپدۆریا نەبوو، بەڵکو ئەو هاندەری یانەی پیرۆجیا بوو، ئەو یانەیەی لە شارە بچووکەکەی خۆیەوە هاتبوو. لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەستێرەی ناوبانگی ئەو درەوشایەوە، بەهۆی ئەو گۆشەیەوە کە لە رۆژنامەی 'کۆریێری دیلۆ سپۆرت' بەتایبەت لەسەر یانەی یوڤێنتوس دەینووسی و سوودی زۆری لە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ میشێل پلاتینی ئەفسانەی یانەکە و جیۆڤانی تراباتۆنی، راهێنەری ئەوکات وەردەگرت.
دۆرسی شانازیی ئەوەی هەیە کە یەکەم کەسبوو، پەردەی لەسەر سکانداڵی 'کالچیۆ بۆلی' لادا، ئەو سکانداڵەی بەهۆیەوە دواتر یوڤێنتوس لە ساڵی 2006 بۆ خولی پلە دووی ئیتاڵیا دابەزێنرا.
دۆرسی ئەندامی ئەو گرووپەبوو کە پێیان دەگوترا، 'بازنە شینەکە'، ئەوان کۆمەڵێکی بچووکی رۆژنامەنووسان بوون کە مانتۆڤانی بەهۆی بۆچوونەکانیانەوە لەخۆی نزیککردبوونەوە، ئەوان نیشانەیەکی شینیان لەسەر چاکەتەکانیان دادەنا، لە کاتێکدا هیچکامیان هاندەری تیپەکە نەبوون.
دۆرسی ئەوکات بەجلوبەرگەکانی جێگەی سەرنج بوو، پێڵاوێکی جۆری کلارکسی دەپۆشی لەگەڵ رەینکۆتێکی خوری لە زستاناندا و کاتێک بەهار دەهات، رەینکۆتەکەی دەگۆڕی بە دانەیەکی دژەباران و کراس و بۆینباخێکی دەپۆشی، ئەو پێیوابوو ئەو جلوبەرگانە، "رووپۆشی رۆژنامەنووسێک بوون کە رەنگدانەوەی لێهاتوویی رۆژنامەکەی دەردەخست".
دۆرسی لەلایەن ناوەندی تۆپی پێی وڵاتەکەوە رێزی زۆری لێدەگیرا، هاوڕێکانی ئەویان بە 'دەمشڕ' و 'خو سەیر' ناودەبردن، بەڵام ئەو لای خۆیەوە لێکدانەوەی بۆ دۆخەکە زۆر ئاسان بوو، نامەوێ کات لەگەڵ کەسانێکدا بەفیڕۆبدەم کە حەزیان لە کارەکەیان نییە. ئەو رێگەی بۆ زۆر رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ئێستای ئیتاڵیا کردەوە، لە مەیدانەکەدا ئەسپی خۆیان تاوبدەن.
دۆرسی لە مانگی سێی ساڵی رابردوو و لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، سێ منداڵی لەپاش بەجێمان کە یەکێکیان یاکۆبۆیە و ئێستا لە رۆژنامەی 'لا ستامپا' کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ