ئەستێرەیەکی ریال مەدرید شەڕی لەگەڵ ئەلۆنسۆ کردووە و لە ریال دەردەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاردا گولەر فلۆریان ڤێرتز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاردا گولەر، ئەستێرە لاوەکەی ریال مەدرید دوای یاریی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا، کە بە دۆڕانی یانەی شاهانە کۆتاییهات، شەڕی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری کردووە و ئێستا ئەو یاریزانە بۆ فرۆشتنە. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش دەڵێن "گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕی گەورە لە نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول بازاڕی گواستنەوە دەهەژێنێت".
 
چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی باس لەوە دەکەن کە یانەی ریال مەدرید بەنیازە گۆڕینەوە بە ئاردا گولەر بکات و لەجیاتی بەدەستهێنانی تواناکانی فلۆریان ڤێرتز، یاریزانە تورکەکەی بداتە لیڤەرپوول.
 
ئاردا گولەر،  لە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی وەرزەکەوە گۆڕا بۆ چەقی رەخنە تووندەکان لەم هەفتانەی دواییدا. ئاستە ناجێگیرەکەی و نەگونجانی لەگەڵ هاوڕێکانی، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی جود بێلینگهام، نیگەرانیی کارگێڕی و دەستەی هونەری بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆی لێکەوتەوە، ئەوەش لە ناوەڕاستی دەنگۆیەکی زۆر سەبارەت بە ئەگەری رۆیشتنی.
 
وادیارە ناکۆکییەکان لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ و بەباشترزانینی بەشداریکردنی بێلینگهام لەلایەن راهێنەرەکەوە لە پۆستی دروستکەری یاریدا، بێزاریی یاریزانە نێودەوڵەتییە تورکەکەی لێکەوتووەتەوە. 
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بە بوونی دەمەقاڵێیەکی نێوان ئاردا و ئەلۆنسۆ کردووە لەدوای یارییەکەی مانچێستەر سیتی، لەکاتێکدا لە بەریتانیا دەنگۆی ئەوە هەیە سەبارەت بەئەگەری رۆیشتنی لە گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕدا لەگەڵ لیڤەرپوول کە فلۆریان ڤێرتزی یاریزانی ئەڵمانی دەگرێتەوە.
 
گرێبەستێکی ئەگەری
 
فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرە لاوە ئەڵمانییەکە، لەم وەرزەدا سەرکەوتوو نەبوو لە بەدیهێنانی پێشبینییەکانی لیڤەرپوول دوای گرێبەستیکی زەبەلاح کە 130 ملیۆن یۆرۆی تێپەڕاند، ئەمەش بیرۆکەی ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ گولەر لەڕووی هونەرییەوە دەکاتە شتێکی لۆژیکی. لەگەڵ ئەوەشدا، گرێبەستەکە بەئاڵۆزی دەمێنێتەوە، چونکە یانە ئینگلیزییەکە بەئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکەی نابێت و داوای قەرەبووی دارایی گەورە دەکات بۆ تەواوکردنی هەر رێککەوتنێک.
 
گرێبەستەکە، ئەگەر ئەنجام بدرێت، لەوانەیە ئەوە بە هەردوولا ببەخشێت کە پێویستیانە؛ ریال مەدرید یاریزانێک بەدەست دەهێنێتەوە کە چابی ئەلۆنسۆ متمانەی پێیەتی، لەکاتێکدا لەوانەیە گولەر سەرەتایەکی نوێ بدۆزێتەوە بۆ قەرەبوکردنەوەی دابەزینی ئاستی. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئاماژەکانی ئێستا بۆ ئەوە دەچن کە گەیشتن بە رێککەوتن زۆر ئەستەم دەبێت، و دۆخەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا لەژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە