لێدوانی ریال مەدرید لەبارەی چوونی ڤینیسیۆس بۆ خولی سعودیە

19-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید خولی رۆشنی سعودی ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە باس لە چوونی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بۆ خولی سعودیە دەکەن.
 
ماوەیەکی زۆرە سەرچاوە جیاوازەکان باس لە هەوڵی یانەکانی سعودیە دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر و تەنانەت هەندێک بەرپرسی سعودیە بەدڵنیاییەوە ئاماژە بەنزیکبوونەوەی ئەو ئەستێرەیە لە خولی سعودیە دەدەن.
 
هەندێک سەرچاوە باسیان لەوەکردبوو کە لە ماوەی رابردوودا، لەکاتی بوونی شاندی ریال مەدرید لە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا، کۆبوونەوە لە نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید و بەرپرسێکی کەرتی وەرزشی سعودیە کراوە و باس لە رێگەدانی ریال مەدرید بەچوونی ڤینیسیۆس بۆ خولی سعودیە دراوە.
 
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، بەرپرسانی ریال مەدرید و نوێنەرەکانی ئەو یاریزانە، هەواڵەکانی کۆبوونەوەکەیان رەتکردووەتەوە.
 
تیاگۆ ڤێرتاس، یەکێک لە بەرپرسانی ئاژانسی بەرپرس لە کارەکانی ڤینی، گوتویەتی، هیچ راستییەک لەبارەی بوونی دانوستاندن بۆ چوونی ڤینیسیۆس بۆ خولی سعودیە لە ئارادا نییە.
 
ئەو بەرپرسە هەواڵی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ریال مەدرید و بەرپرسێکی سعودیشی رەتکردووەتەوە.
 
ڤێرتاس، دەڵێ، "هیچ کەسێک لەبارەی کۆبوونەوە لەسەر چارەنووسی ڤینیسیۆس قسەی لەگەڵ ئێمەدا نەکردووە و هیچ رووداوێکی لەوبارەیەوە نییە".
 
لەسەر هەمان دۆسێ، خوان کامیلۆ، گوتەبێژی ریال مەدرید هەمان هەواڵی رەتکردووەتەوە و دەڵێ هیچ زانیارییەکم لەبارەی ئەو هەواڵانەوە نییە.
 
گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە مانگی حەوتی 2027 کۆتایی دێت و بەهای ئەو یاریزانە لەبازاڕی ئێستادا 200 ملیۆن یۆرۆیە.
 
پێشتر، عومەر مغربل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی خولی رۆشنی سعودی بەمیدیای ئیسپانیای گوتبوو، "گواستنەوەی ڤینیسیۆس بۆ خولی سعودیە خەون نییە، بەڵکو بابەتەکە تەنیا کات و دانوستاندنە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە