لە ئیتاڵیاش سکانداڵی قومارکردن بەئەنجامی یارییەکانەوە ئاشکرابوو

19-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مادوکا ئوکۆی سێری ئا گرەوکردن لەسەر یارییەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ مادوکا ئوکۆی گۆڵپارێزی یانەی ئۆدینێزی دەستپێکرد، بەهۆی گومانکردن لە تێوەگلانی ئەو یاریزانە لە سکانداڵی قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان.
 
ئوکۆی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت بەهۆی ئەگەری تێوەگلانی لە بەئەنقەست وەرگرتنی کارتی زەرد لە یەکێک لە یارییەکانی یانەی ئۆدینێزی لە وەرزی رابردووی سێری ئادا.
 
رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی دەڵێ، ئەگەر ئەو یاریزانە تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ یارییکردنی تۆپی پێی لێ قەدەخە دەکرێت.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئوکۆی 25 ساڵ، تاکە گومانلێکراوی نێو یانەی ئۆدینێزی نییە، بەڵام گومانلێکراوی سەرەکییە، هەروەها پێشبینیدەکرێت خاوەنی چێشتخانەیەک کە یاریزانانی یانەکە بەردەوام سەردانی دەکەن، بەهەمان شێوە تێوەگلابێت و هەر لەو چێشتخانەیەشدا پلان بۆ کارەکە دانرابێت.
 
پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکرد، پاشئەوەی کۆمپانیایەکی گرەوکردن ئاگاداری کردەوە لەوەی کە پارەیەکی زۆر لەسەر پێدانی کارتی زەرد بەیاریزانێک هەیە.
 
ئەو کارتە زەردەی بەپارەیەکی زۆر گرەوی لەسەرکراوە، ئەوکارتەیە کە ئوکۆی لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئۆدینێزی و لازیۆ لە 11ی مانگی سێی ساڵی رابردوو وەریگرتووە لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ی سێری ئا.
 
لە یارییەکەی لازیۆ و ئۆدینێزیدا، جیانلوکا ئارۆلیانۆ، کارتی زەردی بەڕووی ئوکۆیدا لە خولەکی 64 بەرزکردەوە، بەهۆی بەفیڕۆدانی کارت.
 
حاڵەتە گوماوییەکە لە رێگەی پڕۆگرامێکی تایبەتەوە ئاشکراکراوە کە پۆلیس بەتایبەت بۆ بەدواداچوونی ئەو حاڵەتە دروستیکردووە و دواتر لایەنە بەرپرسەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان.
 
لەلای خۆیەوە، پۆلیسی ئیتاڵیا پشکنینی بۆ چەندین شوێن و خانووی جیاواز ئەنجامدا، لەپێناو دۆزینەوەی پسوولەی پارەدانەکانی گرەوەکان، هەروەها گوێی لە چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیی نێوان کەسەکان گرتووەتەوە. هاوکات لیکۆڵەران هەوڵدەدەن لەوە بگەن ئایا دۆسییەکە کاری رێکخراوەییە، یان کاری تاکەکەسی.
 
ئوکۆی لە یارییەکانی یانەکەی دابڕاوە بەهۆی شکانی پەنجە و نەشتەرگەرییەوە و لە وەرزی ئەمساڵدا یاریی لەگەڵ یانەکەی نەکردووە.
 
ئوکۆی لە وەرزی رابردوودا بەشداری لە 15 یاریی ئۆدینێزیدا کردبوو لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 21 گۆڵی لێکراوە و لە چوار یاریشدا کلین شیتی هەبووە.
 
رووداوەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ئیتاڵیا لە ئوکۆی، هاوکاتە لەگەڵ تێوەگلانی کیکی سالاسی بەرگریکەری سێڤییا، لە ئیسپانیا و لوکاس باکیتای بەرگریکەری وێستهام لە پرێمەرلیگ، لە هەمان دۆسێی قومارکردن بەئەنجامی یارییەکانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە