رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی مارکۆس راشفۆرد یەکلایی دەبێتەوە و ئەو یاریزانە تا کۆتایی وەرز روودەکاتە یانەیەکی نوێ.
مارکۆس راشفۆرد، ئەستێرەی ئینگلیزی و یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد، لەسەر داوای راهێنەری یانەکە، رۆبن ئامۆریم، نزیکە لەوەی مانچێستەر جێبهێڵێت و رووبکاتە یانەیەکی دیکە.
بارسێلۆنا، ئەی سی میلان و چەند یانەیەکی سعودیە لەسەر هێڵن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی راشفۆرد، بەڵام ئەو یانەیەی پێدەچێت نزیکترین بێت لەوەی گواستنەوەی راشفۆرد یەکلایی بکاتەوە، بۆرووسیا دۆرتموندە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئەڵمانی، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لەگەڵ راشفۆرد رێککەوتون و یاریزانەکە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی بۆ خولی ئەڵمانیا، یانەی مانچێستەر یونایتدیش رێگە بە رۆیشتنی یاریزانەکە دەدەن بە شێوەی خواستن و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشێک لە مووچەی ئەو یاریزانە بدەن.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، گواستنەوەکە نزیکەی 9 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت و ئەو یاریزانە تاوەکو کۆتایی وەرز لە ریزەکانی بۆرووسیا دۆرتموند دەمێنێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو یاریزانە پێنجشەممەی داهاتوو، پشکنینە پزیشکییەکان ئەنجام دەدات پێش ئەوەی گواستنەوەکەی بە شێوەیەکی فەرمی رابگەیەندرێت.
لە دوایین 9 یاریدا، رۆبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، راشفۆردی بانگێشت نەکردووە و ئەو راهێنەرە هیچ متمانەیەکی بە تواناکانی ئەو یاریزانە نییە.
رۆبن ئامۆریم لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا دەربارەی بانگێشت نەکردنی راشفۆرد رایگەیاند "هەرگیز یاریزانێک بانگێشت ناکەم کە سوودی بۆ تیپەکە نەبێت، هەر شتێک رووبدات من بانگێشتی ناکەم"
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بە سەرکردایەتی نوری شاهین، وەرزێکی کارەساتاوی بەڕێدەکەن، ئەو یانەیە لە پلەی دەیەمی بۆندیسلیگایە و هاندەرانی یانەکە لە دوایین یاریدا، داوای گۆڕانکاری ریشەییان لە تیپەکە و دەستەی راهێنەرانی یانەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ