رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە بەرازیلییەکان گەڕانەوەی نەیمار بۆ یانەی سانتۆس رادەگەیەنن.
چەند سەرچاوەیەکی بەرازیلی ئەوەیان پشڕاستکردەوە کە بەڕێوەبەری کارەکانی نەیمار، گەڕاوەتەوە بەرازیل و لەگەڵ بەڕێوەبەری یانەی سانتۆس دانیشتووە و بە شێوەیەکی فەرمی رێککەوتون لەسەر گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ یاریکردن لە ریزەکانی یانەی سانتۆس.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو یاریزانە بە شێوەی خواستن بۆ ماوەی 6 مانگ لە ریزەکانی یانەی سانتۆس یاری دەکات.
لە سەرچاوەکەدا هاتووە، شەممەی رابردوو، سەرۆکی یانەی سانتۆس، مارسێلۆ تێکسێرا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، پێدرۆ مارتینس، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی نەیمار و باوکی یاریزانەکە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و لەسەر وردەکارییە داراییەکانی گواستنەوەی نەیمار بۆ یانە بەرازیلییەکە رێککەوتوون.
یانەی هیلال بەردەوام دەبێت لە پێدانی بەشێکی مووچەکەی نەیمار و یانەی سانتۆس بەشێکی مووچە بەرزەکەی ئەو یاریزانە دەدەن، بەڕێوەبەرانی یانەکە لەو باوەڕەدان کە گەڕانەوەی نەیمار لە رووی داراییەوە خزمەتێکی گەورەی یانەکە دەکات.
سەرەڕای گرنگیدانی چەند یانەیەکی ئەمریکی و پێدانی مووچەی بەرزتر، نەیمار جونیۆر بە ویستی خۆی داوای کردووە بگەڕێتەوە بۆ یانەی سانتۆسی بەرازیلی.
کاروانی وەرزشی نەیمار لەگەڵ یانەی سانتۆس دەستیپیکرد و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بوو، ئەو یاریزانە لەگەڵ سانتۆس، جامی بەرازیل و جامی لیبێرتادۆرێسی بەدەستهێناوە.
ئەو یاریزانە ساڵی 2013 یانەی سانتۆسی جێهێشت و رووی کردە یانەی بارسێلۆنا، ئێستاش دوای نزیکەی 12 ساڵ، دەگەڕێتەوە ئەو یانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ