رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ کەوتە نێو دۆخێکی خراپ و دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەرامبەر یانەی ولڤەرهامپتۆن خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکە یەکسانبوو.
لە یارییەکی پێشخراوی گەڕی 31ـی پرێمەرلیگ، ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی ولڤەرهامپتۆن و دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا.
دوای تەنیا 5 خولەک لە دەستپێکردنی یارییەکە، بوکایۆ ساکا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئارسیناڵ تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو گۆڵە تەواو بوو.
لە خولەکی 56 پیێرۆ هینکاپێ گۆڵی دووەمی بۆ لەندەنییەکان تۆمارکرد و هاندەرانیان چاوەڕێی سەرکەوتنێکی دیکەی یانەکەیان دەکرد، بەڵام ولڤەرهامپتۆن کارێکی چاوەڕواننەکراوی ئەنجامدا، لە خولەکی 61 هوگۆ بوێنۆ ئەنجامەکەی کەمکردەوە، پاشان لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا تۆماس ئیدوزی گۆڵی دووەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
ولڤەرهامپتۆن، خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی پرێمەرلیگ لە یاریگەی خۆیدا ئارسیناڵی لە بردنەوەی یارییەکە بێبەش کرد و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
ئارسیناڵ دووەم یارییە لەسەریەک یەکسان دەبێت، یانەکە پێنج خاڵ لە مانچێستەر سیتییەوە دوورە، بەڵام تیپەکەی گواردیۆلا یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە.
بوکایۆ ساکا، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ لە دوای یارییەکە گوتی "لە ژووری جلگۆڕیندا بێئومێدییەکی زۆر هەیە، بێئومێد بووین لە ئەنجامی یارییەکە، ئەم ئاستە زۆر دوورە لەوەی لەم وەرزەدا پێشکێشمانکردووە."
ساکا دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوەیە ئاستمان بگەڕێنینەوە، بە زووترین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. پێویستە لەسەرمان بگەڕێینەوە بۆ سەر رێگەی بردنەوەکان، بەهێزبین، چونکە ئێستا بەتەواوی لەدەستمان داوە."
دوو یاریی داهاتووی ئارسیناڵ، زەحمەتن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر تۆتێنهام یاریی دەکات و دوای ئەوەش رووبەڕووی یانەی چێڵسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ