ئەو رۆژەی ماتیرازی بە تووندی لە بالۆتێلی دا

19-04-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ماتیرازی بالۆتێلی ماریۆ بالۆتێلی
A+ A-

رووداو - هەولێر

مارکۆ ماتیرازی، بەرگریکاری پێشووی یانەی ئینتەرمیلان و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئاشکرایکرد جارێک بە توندی لە ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلانی داوە و ناچاری کردووە مەشقەکان بەجێبهێڵێت.

ماتیرازی باسی لەو رۆژانە کردووە کە تێێدا لەگەڵ بالۆتێلیدا لە یانەی ئینتەرمیلان یاریکردووە لەژێر دەستی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالیدا.

ماتیرازی دەڵێ لە دوای یاری نێوان ئینتەرمیلان و بارسێلۆنا لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی 2010 لە بالۆتێلم دا بەئەنقەست و وامکرد ئەو رۆژە نەتوانێ درێژە بە مەشقەکان بدات.

ماتیرازی بەو گرتەیە بەناوبانگە کە لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2006دا لەلایەن زینەدین زیدانی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنساوە لێیدرا و بەهۆیەوە زیدان بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.

ماتیرازی لەبارەی رووداوی لێدانی بالۆتێلییەوە دەڵێ هەرچەندە ئەوکات زۆر دڵخۆش بووین بەوەی لە بارسێلۆنامان بردەوە بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ، بەڵام کاتێک بالۆتێلی لەلایەن راهێنەرەوە دانیشێنرا، درێسی یانەکەی لە توڕەییدا فڕێدایە سەر زەوی و ئەوەش وایکرد لێیبدەم.

بەرگریکەرە ئیتاڵییەکە دەڵێ ماریۆم خۆشدەوێ و وەک برام وایە، بەڵام لە دوای ئەو یارییە لێمدا کاتێک بینیم درێسی یانەکەی فڕێدایە سەر زەوی، ئەو نەدەبوو ئەوە بکات، بەتایبەت کە دانیشاندنی لەلایەن مۆرینیۆوە بەهۆی ئەوەبوو کە ئاستی خراپ بوو.

ماتیرازی زیاتر دەڵێ کێشە تەنیا ئەوە نەبوو کە درێسەکەی فڕێدایە سەر زەوی، بەڵکو لەوە خراپتر ئەوەبوو کە لە ناو پاسی تیمەکەدا کاتێک دەچووین بۆ یاریگە، پێی گوتم ئەگەر یەدەگ بم خراپ یاریدەکەم، منیش ئەوکات پێمگوت منیش ئەوکات لێتدەدەم.

لەبارەی رووداوی لێدانەکەوە بەرگریکەرە ئیتاڵییەکە زیاتر روونیکردووەتەوە هەموومان باوەڕمان بە تواناکانی بالۆتێلی هەبوو، ئەو گۆڵی زۆری بۆ تیپەکە کردبوو، بەڵام لەو یارییەدا بەئەنقەست خراپ یاریکرد، منیش هەفتەیەک دوای یارییەکە داوام لە مۆرینیۆ کرد لە مەشقەکاندا من و بالۆتێلی بخاتە بەرامبەر یەک و کاتێک لە مەشقەکاندا کەوتە بەرامبەرم، بەئەنقەست لێمدا و ئیدی مەشقەکانی بەجێهێشت و ئەو رۆژە نەگەڕایەوە بۆ مەشقکردن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە