ئەستێرەیەکی رۆژئاوای کوردستان دێتە هەندرێن

20-01-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەندرێن باهۆز محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی هەندرێن دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزان واژۆکردووە و دەیەوێت بەردەوامبێت لەسەر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵ.
 
لە دەستپێکی هێنان و بردنی یاریزاناندا هەندرێن گرێبەستی لەگەڵ باهۆز محەممەد هێرشبەری رۆژئاوای کوردستان واژۆکرد کە وەرزی ئەمساڵ لە خولی سوریا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی وەسبەی پێشەنگی خولەکە پێشکەشکرد، لەسەر ئاستی ناوخۆش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ عومەر عومەر و محەممەد هاوار واژۆکرد.
 
جەمال جەلال، سەرۆکی یانەی هەندرێن، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە بەردەوامین لەسەر دروشمی بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە نایابەکانی کوردستان و تیپەکەمان هەرشتێکی پێویست بێت بۆی جێبەجێ دەکەین، ئەو یاریزانانەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆکراوە لەسەر داوای راهێنەرە بە مەبەستی زیاتر تۆکمەکردنی ریزەکانمان بۆ قۆناخی دووەم". 
 
هەریەک لە یاریزانان بارزان حەیدەر لەگەڵ ئاشتی ئیدریس ماڵئاواییان لە ریزەکانی هەندرێن کردووە، ئێستا دەستەی کارگێڕیی یانەکە لە هەوڵی هێنانی هێرشبەرێکی عەرەبی شاری بەغدان و گفتوگۆکانیان لەگەڵی دەستیپێکردووە. 
 
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەم یانەی هەندرێن بەکۆکردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە، تیپەکە بەتۆمارکردنی 19 گۆڵ خاوەن رێژەی زۆرترین گۆڵە، هەروەها 9 بردنەوەی هەیە کە زۆرترین رێژەی بردنەوەیە لە قۆناخی یەکەمدا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژیر 14:00 لە قۆناخی هەشتی جامی کوردستان یانەی هەندرێن یاری لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە