رووداو دیجیتاڵ
بۆ ئەوەی رازی بکات بڕوات، ریال مەدرید دەستەوارەیکی سەیر پێشکەش بە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری دەکات و دەیەوێت پۆستێکی کارگێڕی پێبدات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، دەستەی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید کە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکایەتی دەکات، دەستەوارەیەکی سەیریان پێشکەش بە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئێستای تیپی یەکەمی کردووە، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی رازی بکات یانەکە بەجێبهێڵێت.
ئەنچیلۆتی تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، بەڵام دەرکردنی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ داهاتووی خستووەتە ژێر گومانەوە.
ریال مەدرید دوای ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بە ئارسیناڵ دۆڕا، ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد کە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیەتی.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە سەردەمی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئاستێکی خراپی پێشکەش کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، پێشبینی دەکرێت کارلۆ ئەنچێلۆتی پۆستی راهێنەری یانەی ریال مەدرید جێبهێڵێت و هەڵبژاردەی بەرازیلیش شوێنی داهاتووی دەبێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سامبا لە مۆندیالی 2026 بداتە ئەنچێلۆتی. راهێنەرە ئیتاڵییەکە یەکەم بەربژێری ئەو پۆستە دەبێت، شانبەشانی خۆرخێ جیسوسی راهێنەری یانەی هیلالی سعودیە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنچێلۆتی چەندین بژاردەی لەبەردەمدایە، لەوانە مانەوەی لە مەدرید لە پۆستێکی کارگێڕیدا، کە سروشتی ئەو پۆستە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو پێی باشترە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بکات، کە لە مانگی ئاداری رابردوودا دۆریڤاڵ جونیۆری لە پۆستەکەی دوورخستەوە و بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نوێنەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل چوارشەممەی رابردوو ئامادەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان ریال مەدرید و ئارسیناڵ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بووە، بەئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنچێلۆتی لەو هەفتەیەدا.
بەرازیل دەیەوێت پێش هەفتەی فیفای داهاتوو راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان بکات، کاتێک یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دەستپێدەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، یانەی ریال مەدرید دەبێت پێش بەشداریکردنی لە جامی جیهانی یانەکان لە ئەمریکا، کە تۆژی 14ـی حوزەیران دەستپێدەکات، پۆستی راهێنەرەکەی یەکلایی بکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید دوای یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا، کە رۆژی شەممە 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەنچێلۆتی قسە بکەن سەبارەت بە داهاتووی ئەو راهێنەرە.
لەم دواییانەدا ئەنچێلۆتی رایگەیاندبوو کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لەگەڵ ریال مەدرید باس لە داهاتووی خۆی دەکات.
بەگوێرەی زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ، زۆربەی پێشبینییەکان لە بەرژەوەندی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئێستای یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانیادان، وەک شوێنگرەوەی ئەنچێلۆتی لە ریال مەدرید، بەڵام هێشتا نازانرێت پێش یان دوای مۆندیالی یانەکانی هاوینی داهاتوو دەست بەکاردەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ