رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی بۆ رازیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی، هەوڵ دەدات سێ یاریزانی گەورە و بەتوانا بباتە ریزەکانی لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا. یەکێکیان ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری ریال مەدریدە و رۆناڵدۆ ئامادەیە رازی بکات لە ریال مەدرید بڕوات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی نەسڕ بەپارەیەکی خەیاڵی خۆی بۆ گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو ئامادە دەکات و زیاتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ خەرج دەکات بۆ گواستنەوەی سێ یاریزانی بەتوانا.
بەرپرسانی یانەی نەسڕ ئامانجیان ئەوەیە لە هاوینی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو ریزەکانی تیپەکە بەهێزتر بکەن، ئەمەش لەپێناو رازیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ دوو وەرزی داهاتوو نوێ بکاتەوە.
رۆناڵدۆ داوای لە بەرپرسانی یانەکە کردووە بەهێنانی چەند یاریزانێکی بەتوانا تیپێکی بەهێز لە دەوری دروست بکەن بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و نازناوەکان، کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ نەسڕ هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە.
بەپێی ماڵپەڕی fichajesـی ئیسپانی، یانەی نەسڕ خۆی بۆ هێرشێکی بێوێنە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ئامادە دەکات، بەخەرجکردنی زیاتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی سێ ئەستێرەی دیار لە ئەمریکای باشوورەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لەپێشەنگی لیستی یاریزانە داواکراوەکاندا ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی ریال مەدرید دێت، کە یانە سعودییەکە هەوڵدەدات بە دەستەوارەیەکی گەورە و بە زیاتر لە 250 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ریال مەدرید بکڕێت.
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ڤینیسیۆس داواکراوی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و ئەو پێیوایە خۆی دەتوانێت ڤینی رازی بکات بچێت هاوشانی ئەو یاری بکات، بەتایبەتی کە یاریزانە بەرازیلییەکە هەمیشە کریستیانۆ بەنموونەی باڵای خۆی دەزانێت.
هاوشانی ئەو مۆیسس کایسێدۆی ئەستێرەی ئیکوادۆری یانەی چێڵسیی ئینگلیزی و گابریێلی ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لە پلانەکەدان، کە ئامانج لێی شۆڕشێکە لە پێکهاتەی تیپەکە و جێگیرکردنی یانەکە لەنێو یانە پێشەنگەکانی جیهاندا.
ماڵپەڕەکە روونیشیکردووەتەوە "بێگومان قورسترین گرێبەست گرێبەستی ڤینیسیۆس دەبێت، چونکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هێشتا کارایە و رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە هێڵی هێرشبردنی یانەکە، بەڵام ئەو ناڕوونییەی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا هەیە، قسە و باسێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و مەحاڵ نییە ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر دەستبەرداری ببێت.
لەلایەکی دیکەوە کایسێدۆ بە یاریزانێکی سەرەکی لە هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی دادەنرێت، بەڵام مەبەستی نەسڕ روونە، ئەویش پێشکەشکردنی دەستەوارەیەکە بە زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەند بۆ ئەو یاریزانە ئیکوادۆرییە، ئەگەرچی یانە لەندەنییەکە بیر لەوە ناکاتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستبەرداری ببێت.
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئامانجی سێیەم کە گابریێل ماگالهایسە، تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ هەیە، بەڵام سعودییەکان لەئێستاوە دەستیانکردووە بە هەوڵدان بۆ رازیکردنی ئارسیناڵ بە پارەیەکی زۆر و بەرگریکارەکە بە مووچەیەکی بەرز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ