روووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا یەکەم گرێبستی بۆ وەرزی داهاتوو دیاریکرد و بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنای گوتووە "ئەگەر بمانەوێت چامپیۆنزلیگ ببەینەوە دەبێت گۆڵپارێزێکی باشی وەک ئیمیلیانۆ مارتینێزمان هەبێت".
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە هانزی فلیک بە بارسێلۆنای راگەیاندووە کە یەکەم گرێبەستی لە پۆستی گۆڵپارێزەوە دەستپێدەکات و دەیەوێت ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بگوازێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە.
هەرچەندە نازناوی لالیگا ئەم وەرزە گەڕایەوە خەزێنەی کامپ نو، بەڵام ئاواتەکانی هانزی فلیک لە سنوورە ناوخۆییەکان زیاترن، کە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ بارسێلۆنا راهێنەرە ئەڵمانییەکە سێ نازناوی ناوخۆیی، لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەسەر شانۆکانی ئاهەنگگێڕان بەڕوونی رایگەیاند "توانای بەدەستهێنانی زیاترمان هەیە". واتا ئامانجی سەرەکیی بۆ وەرزی داهاتوو بەبێ دوودڵی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە.
فلیک پێیوایە یەک پێگەی زۆر گرنگ هەیە، کە پێویستی بە بەهێزکردنی دەستبەجێ هەیە و ئەگەر یانەی کەتەلۆنی بیەوێت بگاتە لووتکەی ئەورووپا دەبێت بەهێزی بکات ئەویش گۆڵپارێزە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، فلیک لەمیانی دیدارەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ کارگێڕیی وەرزشیی بارسێلۆنا، جەختی لەسەر پێویستی گرێبەستکردن لەگەڵ گۆڵپارێزێکی ئاستبەرز کردووە، کە توانای ئەوەی هەبێت لە یارییە گەورەکاندا جیاوازی دروست بکات.
ئەو سەرچاوانە زیاتر دەڵێن "لەم چوارچێوەیەدا فلیک داوای گرێبەستکردنی لەگەڵ ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتینیی کردووە، کە بەگونجاوترین بژاردە دەزانێت بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە ئەورووپییەکەی".
ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ئاستی تیپەکە لەم وەرزەدا و بەراوردێکی روون لەگەڵ ئاستی گۆڵپارێزانی هەردوو یانەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دراوە، کە هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان بەپلەی یەکەم بە رۆڵی هەردوو گۆڵپارێزەکانیان جیانلویجی دۆنارۆما و یان سۆمەر گەیشتوونەتە فایناڵی چامپیۆنزلیگ.
مارک ئاندرێ تێرشتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی و یەکێک لە پێشەنگەکانی تیپەکە، وەرزێکی سەختی بەسەربردووە و بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە و درەنگ گەڕانەوەی وای لە فلیک و ستافی راهێنەرایەتییەکەی نەکرد بە ئاستی ئێستای رازی بن. سەبارەت بە ڤۆچیچ چێزنیش، سەرەڕای ئاستە سەرنجڕاکێشەکەی لەدوای هاتنی بۆ بارسێلۆنا، داهاتووی لەگەڵ بارسێلۆنا نادیارە و فلیک ئەو بەبژاردەیەکی درێژخایەن نابینێت، بۆیە فلیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیپەکەی پێویستی بە گۆڵپارێزێکە کە لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەبێت بۆ یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە مانگی ئەیلوولدا.
ئیمیلیانۆ مارتینێز ماڵئاوایی لە یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی کردووە و دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە، کە بەگوێرەی میدیاکان ئەو گۆڵپارێزە چەندین دەستەوارەی لە ئەورووپا و دەرەوەی ئەورووپاوە پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ