رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی ماوەیەکی کەم بەسەر دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆردا تێپەڕیوە و هێشتا عوسمان دێمبێلێی، براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە، لە ئاهەنگگێڕان بەردەوامە، بەڵام هەریەکە لە ئێرلینگ هالاند، کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین، خۆیان وەک بەربژێری زۆر بەهێزی باڵۆندۆری ساڵی داهاتوو دەرخستووە.
لەگەڵ تێپەڕینی هەر گەڕێکی نوێی رکابەریی خولە نێوخۆییەکانی ئەورووپا، رکابەریی لەسەر باڵۆندۆری 2026 گەرموگوڕتر دەبێت، ئێرلینگ هالاند، هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ بەردەوامن لە درەوشانەوەی زیاتر و داگیرکردنی سەردێری هەواڵەکان، بە ئاستە سەرنجڕاکێشەکانیان بۆ یانە و هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان.
رکابەریی نێوان ئەو سێ ئەستێرە گەورەیە، دوورییەکی دیکەی بە رکابەریی لەسەر نازناوی باڵۆندۆر بەخشیوە.
ئەو سێ ئەستێرە گەورەیە، کە لە سێ یانە و سێ خول و سێ هەڵبژاردەی جیاواز یارییدەکەن، بوونەتە سیمبولی سەرکەوتن و ئەستێرەی یەکەمی یانەکانیان و لە ئێستاوە باسوخواس لەسەرئەوە گەرمە، کامیان تاوەکو کۆتایی وەرز بەهەمان ئاستەوە دەردەکەوێت و درێژە بەدرەوشانەوەی خۆی دەدات.
ئێرلینگ هالاند، ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لەدوای دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵ پێشکەش کردووە، ئەو یاریزانە 23 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئەسیستی کردووە لە 14 یارییدا لەم وەرزودا لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی، بە کۆی گشتی 25 بەشداری گۆڵی هەبووە.
هێرشبەرە نەرویجییەکە بەردەوامە لە بوون بە یەکلاکەرەوەترین یاریزانی مانچێستەر سیتی، باڵادەستیی خۆی بەسەر بەرگریکەرانی تیپەکانی دیکەدا سەپاندووە و تیپەکەی لە نێو رکابەری پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگدا هێشتووەتەوە. بەردەوامیی هالاند لەو ئاستەدا، یاریزانەکەی وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی گفتوگۆی ئێستای باڵۆندۆر پێشانداوە.
هاری کەینی هێرشبەری بایرن میونشنی ئەڵمانی، وەرزێکی بەهێز لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەکەی دەستپێکردووە، بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ و 3 ئاسیست لە 15 یارییدا سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی بردووە، هەروەها گەیشتووەتە 25 بەشداریی گۆڵ.
کاپتنە ئینگلیزییەکە، ئەم وەرزە وەشانێکی تەواو جیاوازی خۆی پێشانداوە، سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەری بایرن دەکات، زۆرجار دەگەڕیتەوە قووڵایی ناوەڕاستی یاریگا بۆ دابەشکردنی تۆپ و دروستکردنی هەل، نەک تەنیا وەک گۆڵکارێک بەڵکو وەک یارییسازێکیش کاردەکات.
کەین توانایەکی گەورە لە یارییەکاندا پێشاندەدات و تایبەتمەندیی گەورە لە یەکلاکردنەوەی هێرشەکانی یانە باڤارییەکەدا دەردەخات. بە تووندی وەک رکابەرێکی سەرسەخت و شایستەی باڵۆندۆر خۆی پێشاندەدات.
سێیەم بەربژێری سەرەکیی باڵۆندۆری داهاتوو تاوەکو ئێستا، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسایە.
کیلیان لە 14 یارییدا، 18 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستی کردووە، بە گشتی بەشداریی لە 22 گۆڵدا کردووە.
ئێمباپێ، بووەتە هێزی سەرەکیی هێرشی ریال مەدرید و بە خێرایی، جووڵە و گۆڵەکانی، کاریگەریی ئێمباپێ لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا بۆ دەستپێکی بەهێزی سەرەتای وەرزی ریال مەدرید زۆر گرنگ بوو. هەروەها لە هێشتنەوەی ریال مەدرید لە ئاستێکی باڵادا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ئەوروپیدا، کیلیان رۆڵی گەورەی بینیووە و ئەمەش پێگەی وەک یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی باڵۆندۆری 2026 جێگیر کردووە.
لە ساڵانی رابردوودا، رکابەریی باڵۆندۆر بە دەگمەن رکابەرییەکی لەم شێوەیەی ئێستای بەخۆوە بینیوە، چونکە براوەکانی چەند ساڵی پێشوو لەم قۆناخە زووەی وەرزەکەدا نەگەیشتبوونە ئەم ئاستەی گۆڵ تۆمارکردن. ژمارە نایابەکانی هالاند، کەین و ئێمباپێ رکابەریی راستەقینەیان بۆ خەڵاتەکە گەڕاندووەتەوە.
ململانێی نێوان ئەم سێ یاریزانە، دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین چیرۆکەکانی ئەم وەرزە. ئاستیان لە یەکلاکردنەوەی خولە نێوخۆییەکان، چامپیۆنزلیگ، و مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، بڕیاردەر دەبێت لەوەی کێ باڵۆندۆری 2026 بە دەستدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ