رووداو دیجیتاڵ
ئەلیساندرۆ دیل پیێرۆ، ئەفسانەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و هەڵبژاردەی وڵاتەکە، ئامادەیی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی یەکەم ئەزموونی راهێنەرایەتی لە ژیانیدا دەربڕی، پاشئەوەی مۆڵەتی فەرمیی و بڕوانامەی کارکردنی وەک راهێنەرە، لە فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا و ئەورووپا بەدەستهێنا.
دیل پیێرۆ دەتوانێت وەک راهێنەرێکی پیشەگەر، کاری راهێنەرایەتی بکات.
دیل پیێرۆ بەر لە 11 ساڵ وازی لە یارییکردن هێناوە، ئەو یەکێکبوو لە بەناوبانگترین هێرشبەرەکانی مێژووی ئیتاڵیا، بەوەرگرتنی بڕوانامەی راهێنەرایەتی، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو دونیای تۆپی پێ.
ئەستێرەکەی پێشووی یوڤێنتوس لە سۆشیال میدیای خۆی نووسیویەتی، "لەمڕۆوە دەتوانن بە میستەر بانگم بکەن".
دیل پیێرۆ، کە لە مۆندیالەکانی 2002 و 2006 ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو، سوپاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا و هەموو وانەبێژان و راهێنەرانی فیدراسیۆنەکەی کردووە کە لە کاروانی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەیدا، هاوکاریی زۆریان کردووە.
پاڵەوانی مۆندیالی 2006 دەڵێ، "سوپاسگوزاری هەرکەسێکم کە هاوکارم بوو لەم کاروانەی فێربووندا، سوپاسی تایبەت بۆ هاوژینەکەم و منداڵەکانم کە پشتگیرییان کرد بەدرێژایی ساڵانی خوێندن، سوپرایزبوو کاتێک ئەوان لە فلۆرەنسا و لەکاتی پێشکێشکردنی توێژینەوەکەم، ئامادەبوون و لە پشتم بوون".
دیل پیێرۆ وایداناوە توێژینەوەکەی رەنگدانەوەی ئەزموونی خۆیەتی لە تۆپی پێدا، ئەو دەڵێ، تێڕوانینی تایبەتی خۆمی تێدایە لەبارەی تۆپی پێ و کاری راهێنەرایەتییەوە.
میستەر، نازناوی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئێستای ریال مەدریدە، دیل پیێرۆ ئەگەرچی درەنگ دەستی بەکاری راهێنەرایەتی کردووە، بەڵام سەرنجی زۆری لەسەرە، چونکە یەکێک بووە لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا.
میستەر دیل پیێرۆ، ئێستا شرۆڤەکاری یەکێک لە کەناڵە وەرزشییەکانی ئیتاڵیایە، خاوەنی دونیابینی روون و قووڵە لە شیکردنەوەی تاکتیکی تۆپی پێدا.
دیل پیێرۆ، شەش نازناوی خولی ئیتاڵیا، دوو نازناوی جامی ئیتاڵیا، چوار نازناوی سوپەری ئیتاڵیا و دوو چامپیۆنزلیگی لەگەڵ خانمە پیرەکە بەدەستهێناوە. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش براوەی مۆندیالە و خاوەنی 27 گۆڵە لە 91 یارییدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ