پێنج دز رۆبێرتۆ باجیۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا برینداردەکەن

21-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج کەس هەڵدەکوتنە سەر ماڵی رۆبێرتۆ باجیۆ، هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و برینداری دەکەن.
 
شەوی رابردوو رۆبێرتۆ باجیۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی خەریکی سەیرکردنی یاریی نێوان ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوو لە یۆرۆی 2024؛ لەوکاتەدا چەند کەسێک بە مەبەستی دزیکردن هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی.
 
باجیۆی 57 ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڤیشێنزیا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا رووبەڕووی دزەکان بووەوە و یەکێک لە دزەکان بە دەسکی دەمانچە لە نێوچاوانی باجیۆی دا و برینداری کرد.
 
دزەکان باجیۆ، هاوژین و سێ منداڵەکەیان لە ژوورێک کرد و دەرگەیان لەسەر داخستن؛ دوای تێپەڕینی نزیکەی 40 خولەک و دڵنیابوونەوە لەوەی دزەکان رۆیشتوون، باجیۆ دەرگەکەی شکاند و پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد.
 
دواتریش باجیۆ بە مەبەستی چارەسەر چووە نەخۆشخانە.
 
باجیۆ یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا کە لە ساڵی 1993 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بردەوە.
 
باجیۆ 56 یاری بۆ ئیتاڵیا کردووە و 27 گۆڵی کردووە. ئەوەی کە بۆ هەمیشە لە یادی هاندەرانی ئیتاڵیای شینپۆش دەمێنێتەوە، لە مۆندیالی 1994 هەڵبژاردەی ئازووری [ئیتاڵیا] بە سەرکردایەتیی باجیۆ تاوەکو یاری کۆتایی رۆیشت و لەو مۆندیالەدا ئەستێرە ئیتاڵییەکە پێنج گۆڵی تۆمارکرد.
 
لە یاری کۆتاییدا و لە بەرامبەر بەرازیل، لە لێدانی یەکلاییکەرەوەدا رۆبێرتۆ باجیۆی ژمارە 10 نەیتوانی گۆڵبکات و تۆپەکەی لە ستوون دا. بەو جۆرە بەرازیل یارییەکەی بردەوە و جامی جیهانیی 1994ـی بەدەستهێنا.
 
لەوکاتەدا باجیۆ هەردوو دەستی لەسەر کەمەری دانا و سەری داخست، ئەو دیمەنەی باجیۆ وێنەی گیراوە و بە یەکێک لە وێنە هەرە بەناوبانگەکان دادەنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە