سێ یاریزانی کورد لەگەڵ یانەی شورتە بوونە پاڵەوانی عێراق

21-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی شورتە خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی شورتە بۆ جاری چوارەم لەسەریەک نازناوی خولی عێراقی بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە بەدەستهێنا و یانەی زەورای رکابەریشی دۆڕا.
 
دوو گەر پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یارییەکانی گەڕی 36، یانەی شورتە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە یارییکرد، پێشەنگی ریزبەندی خولی عێراق یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
سەرەتا ئەحمەد یەحیا لە خولەکی 35 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 47 حەسەن داخل ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 58 موهەنەد عەلی جارێکی دیکە شورتەی پێشخستەوە، پاشانیش لە خولەکی 79 مەحموود مەواس، گۆڵی سێیەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد و شورتە یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە و سوود وەرگرتن لە دۆڕانی یانەی زەورای رکابەری لە یارییان بەرامبەر یانەی کەرخ بە 1-2، یانەی شورتە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 83 خاڵ و بەشێوەیەکی فەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
موئمن سلێمان، راهێنەرە میسرییەکەی یانەی شورتە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەین بۆ بردنەوەمان لە یانەی نەفت بەسرە، ئەم بردنەوەیە بۆ جاری چوارەم لەسەریەک نازناوەکەی لە بەرژەوەندی شورتە یەکلاکردەوە، پیرۆزبایی بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە گەورەیە لە هاندەرانی یانەی شورتە دەکەم."
 
راهێنەری شورتە دەڵێت "وەرزێکی زۆر تایبەتمان هەبوو و ئەمڕۆ نازناوەکەمان بەدەستهێنا، ئەمە ئەنجامی کارکردنی درێژخایەن و پلاندانانی وردە و پابەندبوونێکی گەورەی هەموو یاریزانەکان و دەستەی هونەرییە. بردنەوەی نازناو تەنیا لە یاریگەدا نییە، بەڵکو لە ئارامی کارگێڕی و پاڵپشتیی بەردەوامی هاندەرانەوە دەستپێدەکات."


لە ریزەکانی یانەی شورتە، سێ یاریزانی کورد لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکە یارییاندەکرد و بوونە پاڵەوان، ئەوانیش هەریەکە لە ئاکام هاشم، رێوان ئەمین و ئەحمەد زێرۆن.
 
ئاکام هاشم دوای بردنەوەی نازناوی خولی عێراق، لە ئینستاگرام پۆستێکی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی کردووە و نووسیوویەتی "زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە بووينه پالەوانی ئەم وەرزه، كە يەكەم نازناومه لەژيانی وەرزشيم لەگەل يانەی شورته، پیرۆزبایی لە دەستەی كارگێری و دەستەی راهێنەران و ياريزانەكان دەكەم جەنگاين لەپێناو نازناوەكە و لێرەوە پیرۆزبایی لە هاندەرە خۆشەویستەکانی یانەی شورتە دەکەم."
 
 
 
رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەش بەهەمان شێوە وێنەی پاڵەوانبوونی یانەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ٱلْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلْعَـٰلَمِينَ."
 
 
 
 
لە پۆستەکەی رێواندا، هاروون ئەحمەد، ئەستێرەی کوردی یانەی دهۆک و هاوڕێی رێوان ئەمین، پیرۆزبایی لە هاوڕێکەی دەکات و نووسیوویەتی پیرۆزە برا، تۆ شایەنی ئەوەی.
 
 
 
 
ئەحمەد زێرۆ، یاریزانێکی دیکەی کوردە لە یانەی شورتە کە ماوەی چەند ساڵێکە لەو یانەیە یاریی دەکات و وێنەیەکی خۆی و موئمن سلێمان، راهێنەری یانەکەی بڵاوکردووەتەوە و چوار جامی لەگەڵی پۆستکردووە.
 
 
بەبردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەرزی داهاتوو یانەی شورتە وەکو نوێنەری عێراق بەشداری لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە