یونس مەحموود: یان من یان عەدنان درجال

21-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یونس مەحموود عەدنان درجال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یونس مەحموود، چێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یەکێک لە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، رایگەیاند کە ناتوانن لەگەڵ عەدنان درجالی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کاربکەن و گوتی "ناتوانین پێکەوە یەکێتییەکە بەڕێوەببەین، یان دەبێت ئەو بەڕێوەی ببات یان من".
 
یونس مەحموود، کە وەک یاریزان یەکێکە لە ئەفسانەکانی مێژووی تۆپی پێی عێراق و سەرکردایەتی هەڵبژاردەی عێراقی کردووە بۆ بردنەوەی تاکە نازناوی جامی ئاسیا  لەمێژووی عێراقدا، سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەدنان درجال دەستپێکرد و گوتی "عەدنان درجال برامە و مامۆستامە، بەڵام لەسەر شێوازی کارکردن رێکنەکەوتووین. ناتوانین پێکەوە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەببەین، یان دەبێت ئەو بەڕێوەی ببات یان من".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر درجال هەڵبژاردەکانی بردەوە، بێ دوودڵی پشتیوانیی دەکەم، بەڵام لە دەرەوەی یەکێتییەکە".
 
یونس مەحموود جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ درجال نییە و گوتی "هیچ کێشەیەکی کەسی لەنێوانماندا نییە و نزیکەی رۆژانە قسە دەکەین".
 
کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەکرێن، گوایە شارەزایی کارگێڕیی نییە، گوتی "دەگوترێت یونس شارەزایی کارگێڕیی نییە، بەڵام ئایا رەوایە تەنیا من شارەزاییم نەبێت و هەموو ئەوانی دیکە هەیانبێت؟!".
 
هەروەها گوتی "هەست دەکەم لەم بابەتەدا بەئامانجگرتنێکی کەسی هەیە".
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، کاپتن یونس گوتی "کاتێک یاریزان بووم چەندین جار هەوڵ بۆ لەکەدارکردنم دراوە، ئێستاش لە کاری کارگێڕیدا رۆژانە رووبەڕووی هەمان شت دەبمەوە. داوای دادپەروەری دەکەم، سەرەتا دەرفەتم پێ بدەن، دواتر بڕیار لەسەر کارەکانم بدەن".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یونس مەحموود لەبارەی تێڕوانین و بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی، گوتی "تێڕوانینی من جیاوازە لە تێڕوانینی عەدنان درجال. بیرۆکەکەی من بریتییە لە زیادکردنی بودجەی یەکێتییەکە، ئەم بابەتەشم لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتار باس کردووە و دژی نەبوون".
 
یونس زیاتر لەبارەی بەرنامەی هەڵبژاردنی، گوتی "بەرنامەی هەڵبژاردنم واقیعییە، لە خەیاڵەوە دوورە و لە عێراقدا دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. دەمەوێت یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بارەگای تایبەت بەخۆی هەبێت، هەروەها هەر هەڵبژاردەیەک یاریگای مەشقی تایبەت بە خۆی هەبێت".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، دووپاتیکردەوە "توانای تۆپی پێمان لە هەندێک وڵاتی کەنداو باشترە، بەڵام متمانەمان کەمە".
 
ئەو باسی شارەزایی و پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی کرد و گوتی "من بۆ ماوەی چوار ساڵ باڵیۆزی جامی جیهانیی قەتەر بووم لەگەڵ فیفا. من تەنیا کەسم کە وەک باڵیۆز لە جامی جیهانیدا نوێنەرایەتیی عێراقم کردووە. من پیاوێکی گەنجم و مافی خۆمە ئاواتم هەبێت".
 
یونس مەحموود لەبارەی هەڵوێستی لەسەر هەڵبژاردنەکان و هەڵپەساردنیان، گوتی "لیژنەکانی هەڵبژاردن بەوپەڕی ئەمانەت و شەفافیەتەوە کاریان کردووە، بەڵام نووسراوێک لە فیفاوە هات بۆ هەڵپەساردنی هەڵبژاردنەکان. تاوەکو ئێستا نازانین کاپتن عەدنان درجال چی بۆ فیفا ناردووە و داوامان کردووە ئیمەیڵە نێردراوەکان ئاشکرا بکرێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە