ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دۆخی باش نییە و لە دۆڕان رزگاری بوو

21-09-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
رووداو دیجیتال 
 
یانەی بارسێلۆنا لە دۆڕانێکی مسۆگەر رزگاری بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی گرانادا بە گۆڵێک یەکسانبوو.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی کامپ نۆو لە شاری بارسێلۆنا بەڕێوەچوو، بەڵام ژمارەیەکی کەمی هاندەران ئامادەی بینینی یاریی یانەکەیان بوون، کە لە هەفتەی رابردوودا ئەنجام و ئاستێکی خراپی بەرامبەر بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی پێشکێشکرد و 3-0 دۆڕابوو، لەم یارییەشدا بەرامبەر بەیانەی گرانادا کە لە ریزبەندیی خوارەوەدایە، ئاستێكی باشی نەبوو، دەکرا بدۆڕێت، بەڵام لە دواخولەکەکاندا رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکەر بووە فریادڕەسیان.
 
هەر لە خولەکی 2ـی یارییەکەدا، دۆمینگۆس دوارتێ دوای ئەوەی تۆپێکی لەلایەن ئیسکۆدێرۆوە پێگەیشت، گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی گرانادا بە لێدانی سەر تۆمارکرد.
 
بارسا لە چارەگی یەکەمدا بە تەواوی لە دەرەوەی یارییەکە بوون، کوڕانی گرانادا هەلی دیکەیشیان لەدەستدا.
 
یەکەم مەترسیی بارسا لە خولەکی 17 بوو، کاتێک سێرجی رۆبێرتۆ بە لێدانێک کە بەر ستوون کەوت و یانەی میوانی ترساند.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکەش، رۆناڵد ئاراوخۆ کە ئەستێرەی یارییەکە بوو، نزیکبوو ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام گۆڵپارێز لێهاتووانە دووریخستەوە.
 
مەترسیدارترینی یانەی بارسێلۆنا ئاراوخۆ بوو، راهێنەر ناچاربوو لەگەڵ پیکێدا بیانکات بە هێرشبەر،  ئەمەش سەریگرت و لە خولەکی 90ـدا بە لێدانی سەر ئاراوخۆ توانی یانەکەی لە دۆڕانێکی مسۆگەر رزگاربکات، بەڵام ئەنجامە خراپەکانی بارسا بەردەوامن.
 
یانەی بارسێلۆنا لە ریزبەندی حەوتەمی لالیگادا دەبیندرێ، دوای ئەوەی لەکۆی 4 یاریدا 8 خاڵی کۆکردووەتەوە، گراناداش هیچ بردنەوەیەکی نییە و بە سێ خاڵ لە ریزبەندی 17ـیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە