هەلی سەرکەوتنی یانەکان بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ

22-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەکانی لیڤەرپوول و بارسێلۆنا یەکەمین یانە سەرکەوتووەکان بوون بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ و سەرکەوتنی راستەوخۆیان مسۆگەرکرد، پاشئەوەی لە گەڕی حەوتەمی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەمشەو چەندین یانەی دیکە بەدوای کورسییەکی قۆناخی شانزەدا دەگەڕێن.
 
لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دوای بردنەوەی لە یانەی لیلی فەرەنسی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ، مانەوەی لە پێشەنگی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکرد و بەوەش راستەوخۆ وەک یەکەم تیپ گەیشتە قۆناخی شانزە. لای خۆیەوە بارسێلۆنای ئیسپانی، دوای بردنەوەی دراماتیکی لە بێنفیکا 5 - 4 گۆڵ، سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ هەمان قۆناخ مسۆگەرکرد.
 
ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، پاش بردنەوەی لە بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 15 خاڵ و هەلی سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ قۆناخی داهاتوو بەرزکردەوە.
 
هەریەک لە یانەکانی ئارسیناڵ، برێست و ئینتەرمیلان دەیانەوێت بە بردنەوەیەک، بگەن بە 16 خاڵ و هەنگاوێکی گەورە بنێن بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
یانەی برێستی فەرەنسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، ئەمشەو رووبەڕووی یانەی شاختار دۆنێسکی ئوکراینی دەبێتەوە، یانە فەرەنسییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە و ئەو یارییە بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا بووە.
 
ئینتەرمیلان لای خۆیەوە، دەبێتە میوانی سپارتا پراگی چیکی و پێشبینی دەکرێت ئەرکی نێرازووری ئاسان بێت، چونکە یانە چیکییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لە کۆی 6 یاریدا، تەنیا یەک یاری بردووەتەوە.
 
پێدەچێت ئەرکی یانەی ئارسیناڵ ئاسانترین بێت، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی دینامۆ زاگریبی کرواتی دەکات و چاوی لەوەیە بەم بردنەوەیە، پلەی سێیەمی چامپیۆنزلیگ لە ئاتلێتیکۆ مەدرید وەربگرێتەوە.
 
بایرن میونشنی ئەڵمانی لای خۆیەوە، بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندییەکە دێت، ئەمشەو میوانی یانەی فاینۆردی هۆڵەندی دەبێت و دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە هەلەکانی خۆی بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بێ سەرئێشەی یاریکردن لە پاشکۆ زیاد بکات.
 
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، سەرەڕای سەرەتا خراپەکەی و دۆڕانی دوو یاری لەسەر یەک، گەڕانەوەیەکی ناوازەی کرد و ئێستا بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی پازدەیەم دێت، ئەمشەو لە سانسیرۆ رووبەڕووی یانەی جیرۆنا دەبێتەوە و دەیەوێت لە دۆخێکی باشتردا بێت پێشئەوەی گەشت بکات بۆ کرواتیا بۆ ئەوەی رووبەڕووی دینامۆ زاگریب ببێتەوە.
 
یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان لە جەنگێکی جیاوازدان، ئەو سێ یانەیە لە پلەکانی 22 و 24 و 26 دێن، لە هەوڵدادەبن بۆ گەیشتن بە تۆپ 8 بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگەنە قۆناخی داهاتوو، بەڵام هەرسێ یانە چارەنووسیان لەدەست یانەکانی دیکەیە و چاوەڕێی دیارییەک دەبن لەوانەوە.
 
یانەی ریال مەدرید لە 6 یاریدا، 3 یاری بردووەتەوە و 3 یاریی دیکەی دۆڕاندووە، ئەو یانەیە پێویستە هەردوو یاریی داهاتوو بباتەوە بۆ ئەوەی لانیکەم، لە پلەکانی 9-16 بێت و لە تیروپشکی پاشکۆدا لە ریزبەندی یەکەم بێت.
 
ئەمشەو ریال مەدرید لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی رێدبوڵ سالزبۆرگی نەمسایی دەبێتەوە.
 
داهاتووی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان بەیەکەوە بەندە، ئەو دوو یانەیە ئەمشەو لە یاریگەی پارک دی پرانس رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بردنەوەی هەریەکێکیان ئەوی دیکە دەخاتە کێشە و سەرئێشەی زۆرەوە، ئەو یانەیەی لەم یارییەدا بە دۆڕاو بێتە دەرەوە، ئەگەر بگاتە پاشکۆش، لە ریزبەندیی دووەمدا دەبێت و ئەگەری ئەوەی لەبەردەمە، رووبەڕووی یانەیەکی بەهێز ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە