لیڤاندۆڤسکی گەیشتە گۆڵی ژمارە 700

29-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی ژمارە 105ی لە یاریی ژمارە 153 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد، بەوەش ناوی خۆی لەنێو لیستی باشترین گۆڵکەرانی مێژووی تۆپی پێدا نووسییەوە.
 
لیڤاندۆڤسکی رۆڵی هەبوو لەسەرکەوتنی بارسێلۆنا بەسەر ریال سۆسیداد 2 - 1 گۆڵ. یانە کەتەلۆنییەکە پێشەنگی لالیگای بەدەستهێنایەوە.
 
لیڤا لە یارییەکەی دوێنی شەودا گۆڵی ژمارە 700ی لە کاروانی پیشەگەرییانەی خۆیدا تۆمارکرد، لە نێویاندا 344 گۆڵ لەگەڵ بایرن میونشن، 105 گۆڵ لەگەڵ بارسێلۆنا و 103 گۆڵ لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند.
 
لیڤا پێش دەستپێکردنی کاروانی پیشەگەری لە دەرەوەی پۆڵەندا، 21 گۆڵی لەگەڵ یانەی زنیچ پرۆشکۆڤ تۆمارکردووە، هەروەها 41 گۆڵ لەگەڵ یانەی پۆزنان و 86 گۆڵیش لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە 186 یاری.
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ئامار و ژمارەکانی تۆپی پێ دەڵێ، تەنیا هەشت یاریزان بەر لە لیڤا توانیویانە 700 گۆڵ لە کاروانی خۆیاندا تۆماربکەن، لە کاتێکدا تەنیا مێسی و رۆناڵدۆ لە 800 گۆڵ زیاتریان تۆمارکردووە.
 
ئالف کێلی ئوسترالی 778 گۆڵی هەیە، پێش ئایرۆن هێملچنی ئەڵمانی دێت کە 769 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
پێلێ بەپێی هەمان فیدراسیۆن خاوەنی 762 گۆڵی فەرمییە، پاشان رۆماریۆ 756 گۆڵ، هەروەها پوشکاشی هەنگاری بە 725 گۆڵ بەجیاوازیی سێ گۆڵ لەگەڵ جۆزیڤ بیکان.
 
سەرنجڕاکێشترینی نێو گۆڵکەرە مێژووییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالییە کە تاوەکو ئێستا 946 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 54 گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە هەزار گۆڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە