رۆناڵدۆ وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ دۆناڵد ترەمپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕ، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەڵامی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و مانەوەی خۆی لە خولی رۆشنی سعودی لە وەرزی داهاتوودا دووپات دەکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەیامێکی بۆ رۆناڵدۆ نارد و داوایلێکرد بچێتە خولی ئەمریکی و گوتی "کریستیانۆ، تۆ باشترین یاریزانی هەموو سەردەمەکانی، لە ئەمریکا پێویستیمان پێتە، بەردەوام بە لە کارکردن، ئێمە بەخێرایی پێویستیمان پێتە".
 
ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕێکی زۆریان هێنایەوە و والێکدرانەوە کە ترمپ دەیەوێت رۆناڵذۆ بباتە ئەمریکا، بەڵام رۆناڵدۆ لە لێدوانێکدا ناڕاستەوخۆ وەڵامی ترەمپی دایەوە و کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کە سەبارەت بە بەردەوامبوونی لە خولی سعودی بۆ وەرزی داهاتوو دروست بووبوو، بەتایبەتیش دوای ئەو تەنگژەیەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی خولەکەدا بۆی دروست بووبوو.
 
پێشتر رۆناڵدۆ لە هەندێک یاریی نەسڕ دابڕا، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرامبەر سیاسەتی خەرجکردن لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی رابردوو و وەرگرتنی پشتگیرییەکی دارایی زیاتر لەلایەن یانەی هیلالی رکابەرییان، کە ئەمانە دەنگۆی رۆیشتنی ئەویان لە کۆتایی وەرزدا دروست کردبوو.
 
ڕۆناڵدۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای سعودیە، گوتی "هەروەک ئەوەی چەندینجار گوتوومە، من سەر بە شانشینی سعودیەم، ئەو وڵاتەیە کە بەباشترین شێوە پێشوازی لە خۆم و خێزان و هاوڕێکانم کردووە، من لێرە دڵخۆشم و هیوادارم لێرە بەردەوام بم".
 
هەروەها ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە لێدوانی دا لەسەر ئەو سەرکەوتنەی نەسڕ بەسەر میوانەکەی، یانەی حەزم بەئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرامبەر، لە گەڕی 23ـی خولی رۆشن، کە تێیدا توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات و یانەکەی گەیاندە پێشەنگی خولەکە.
 
رۆناڵدۆ لەو بارەیەوە گوتی "یارییەکەمان زۆر بەباشی دەستپێکرد و چەندین هەلی گەورەمان دروستکرد، بەبڕوای من دەبوو گۆڵی زیاتر تۆمار بکەین".
 
هەروەها گوتیشی "بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە بردمانەوە و جارێکی دیکە گۆڵمان لێ تۆمار نەکرا، زۆر دڵخۆشم بە سەرکەوتنەکە و بەو گۆڵانەی کە تۆمارم کردن".
 
ئاماژەی بەوەش کرد "گرنگە بەردەوام بین لە پێشکەوتن، ئێستا لە پێشەنگین و ئەوەی پێویست بوو کردمان، بردمانەوە و گوشارمان خستە سەر هیلال، با بزانین لە کۆتایی وەرزدا چی روودەدات".
 
لە کۆتاییدا کریس گوتی "ئێمە لەسەر رێڕەوێکی راستین، گەڕاینەوە و ئاستمان باش بووە، متمانەمان بەخۆمان هەیە و لە دۆخێکی باشدایین، با یاری بە یاری هەنگاو بنێین و ببینین لە کۆتاییدا چی دەبێت".
 
یانەی نەسڕ دوای سەرکەوتنی بەسەر حەزمدا خۆی گەیاندە پێشەنگی خولی سعودی و کۆی خاڵەکانی بووە 55 خاڵ، بەجیاوازی یەک خاڵ لەپێش یانەی هیلالەوەیە کە دوای یەکسانبوونی لەگەڵ ئیتیحاد بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان، بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی دابەزی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە