سلێمانی چارەنووسی خولی بالەی نایابی عێراق یەکلایی دەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی بالەی نایابی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتال

یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی دوایین گردبوونەوەی قۆناخی هەشتی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری سلێمانی بەڕێوەببات و چوار یانەش بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین دیاریدەکات. 
 
یارییەکانی قۆناخی هەشتی خولەکە بە بەشداری 10 یانەیە، دوای تەواوبوونی 13 گەڕ بڕیارە رۆژی 25ـی ئەم مانگە دوایین گردبوونەوەی یانەکان لە پایتەختی رۆشنبیری لە هەردوو هۆڵی داخراوی پێشمەرگەی سلێمانی رکابەری یەکدی بکەن، دوای هەفتەیەک لە ململانێ و یاریی بەهێز چوار یانەی پلەی سەرەوەی ریزبەندی راستەوخۆ بلیتی گەیشتن بە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین دەبرن. 
 
یانەی مەسافی شیمال پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی سوپەر و خولی نایابی عێراق وەرزی ئەمساڵ دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکانی بکات، تیپەکە 37 خاڵی هەیە لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە و تەنیا یارییەک دۆڕاوە. 
 
مستەفا نەجاتی، راهێنەری یانەی مەسافی شیمال، کە ئەزمووندارە بە بردنەوەی نازناوەکان و راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی ئێرانە بۆ ئاستی لاوان، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نازناوی پاڵەوانێتیی ئاسیای بردەوە ئەمساڵ سەرپەرشتی مەسافی شیمال دەکات، بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکانمان لە هەولێر رۆژانە بەشێوەیەکی زۆر باش ئەنجامداوە و لە هەر شوێنێک کار بکەم دەمەوێت نازناو ببەمەوە". 
 
یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوو نوێنەری کوردستانن لە خولی نایابی بالەی عێراق، هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بەکۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە و گەیشتنی بە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی مسۆگەر کردووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە 25 رۆژە یاریزانەکانی بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و مافەکانیان بیست و پێنج رۆژ بوو لە ماڵەوە دانیشتبوون و راهێنانیان نەکردبوو، دەستەی کارگێڕیی یانەکە مووچەیەکیان داوە بە یاریزانەکان و دوو رۆژە تیپەکە گەڕاوەتەوە راهێنانەکان. 
 
یەکێک لە یاریزانەکانی تیپی بالەی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت روونیکردەوە "ئێستاش دەستەی کارگێڕی مووچەی پێنج مانگ و پێشەکی گرێبەستی ئێمە قەرزارن، تیپەکە بێ رووحیەتە، بەشێوەیەک ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕی کۆبوونەوە لەسەر چارەنووسی بەردەوامبوون یان کشانەوەی تیپەکەمان لە خولی نایابی عێراق دەدات".
 
هەرچی یانەی پێشمەرگەیە دۆخی باش نییە و تیپەکە 16 خاڵی  هەیە لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە