"ئیتۆی نوێ" لە بارسێلۆنا دەرکەوت

22-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فودێ دیالۆ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی تیشکی خستووەتە سەر بەهرەیەکی نوێی ئەکادیمیای لاماسیای یانەی بارسێلۆنا، کە بە ساموێل ئیتۆی ئەفسانەی کامیرۆنی و ئەستێرەی پێشووی یانەکەوە دەناسرێت.
 
رۆژنامەکە لەبارەی ئەوە یاریزانەوە نووسیویەتی "یاریزانەکە ناوی فۆدێ دیالۆیە، لە شاری سابادێل لەدایکبووە و بەڕەچەڵەک خەڵکی غینیایە. ئەم هێرشبەرە لاوە تەمەنی تەنیا 13 ساڵە و بە یەکێک لە هیوا هەرە دیارەکانی هێڵی هێرشبردنی بارسێلۆنا لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەنرێت".
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "دیالۆ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کردووە، لەو کاتەوە بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی کردووە و ژمارە و ئاماری باوەڕپێنەکراوی تۆمارکردووە".
 
دیالۆ لە وەرزی 2023-2024 کە هێشتا لە ئاستی تازەپێگەیشتوواندا بوو، هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاند و لە 30 یارییدا 96 گۆڵی تۆمارکرد، ژمارەیەک کە نە لامين یامال و نە لیۆنێل مێسی لە باشترین وەرزەکانیاندا پێی نەگەیشتوون. ئەم وەرزەش لەنێوان تیپەکانی خوار 13 و 14 ساڵان، تاوەکو ئێستا 41 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە "نازناوی 'ئیتۆی نوێ'ـیان لێناوە و ئەمەش بێ هۆکار نییە؛ دیالۆ هێرشبەرێکی خێرا، بەهێز و بەتوانایە. توانایەکی زگماکیی گۆڵکردنی هەیە، گۆڵێک دەکات و یەکسەر بیر لە گۆڵی دووەم دەکاتەوە. لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنادا، یادەوەریی هێرشبەرە ئەفسانەییەکەی کامیرۆن دەهێنێتەوە یاد، بەڵام وادیارە فۆدێ بەنیازە مێژوویەکی تایبەت بەخۆی لەنێو یانەکەدا بنووسێتەوە".
 

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە "دیالۆ لە کاتی گۆڵکردن لەسەر شێوازی فێران تۆرێس ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵام براکەی روونیکردووەتەوە کە ئەمە لاساییکردنەوە نییە، بەڵکو ستایلێکی ژیانە کە لەگەڵ خێزانەکەی پەیڕەوی دەکات. فۆدی باش دەزانێت کە دەیەوێت رۆژانە پێشبکەوێت و بەورەیەکی بەرزەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی دەدات، بێ ئەوەی هەرگیز رەچەڵەکی خۆی لەبیربکات".
 
ئەو رۆژنامە ئیسپانییە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "ئەم عەقڵییەتە لە ماڵەوەشیاندا بەڕوونی دیارە، وەرزش بەشێکە لە ناسنامەی ماڵباتی دیالۆ: عەبدۆی برا گەورەی لە تیپی لاوانی مایۆرکا یاری دەکات. بالا موسای ئامۆزاشی لە تیپی لاوانی ئیسپانیۆلە. هەموو شتێکیش هەر تۆپی پێ نییە، فاتۆی خوشکی لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیداندا دەدرەوشێتەوە و لە پێشبڕکێی بازدانی بەرزی ئیسپانیا بۆ ئاستی تەمەنی خوار 20 ساڵان، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە