عەلی جەبار بۆ رووداو: کاساس خەونی عێراقییەکانی لاواز کردووە

22-06-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن کۆبوونەوەیەکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق عەلی جەبار
A+ A-
رووداو هەولێر

عەلی جەبار، جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رەخنەی لە خیسۆس کاساسی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق گرت و رایگەیاند کە ئەو راهێنەرە خەونی گەورەی عێراقییەکانی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەلەدەستدانی چەندین خاڵ لاوازکردووە.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بۆ کیشوەری ئاسیا، لە کۆمەڵەی دووەم یاریکرد، هەریەک لە هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور بە پلەی یەکەم و ئوردن بە پلەی دووەم بلیتی گەیشتن بە مۆندیالیان بڕی، هەڵبژاردەی عێراق لە پلەی سێیەم هات و دەبێت یاریی پاشکۆ بکات بۆ ئەوەی بەختی گەیشتنی بە مۆندیال هەبێت.
 
عەلی جەبار، کە رەخنەیەکی زۆری لەسەر کارەکانی خیسۆس کاساس هەبوو تەنانەت دژی سەرۆکی یەکێتییەکە بوو لەسەر کارەکانی راهێنەرە ئیسپانییەی هەڵبژاردەکەیان، گوتی "لە راستیدا دەمەوێت قسە بە ئەزموونەوە بکەم وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کاساس خەونی عێراقییەکانی لاوازکردووە و ژمارەیەک خاڵی زۆری لە پاڵاوتنەکان بەهەدەر دا کە هەر راهێنەرێکی دیکە بووایە ئەوەندە خاڵەی لەدەست نەدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی گەورەمان بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەردەوامە و هێشتا رکابەری دەکەین". 
 
ئێستا گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە، دوو یاری سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە. لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕا و لە هەڵبژاردەی ئوردنی بردەوە. 
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، زیاتر روونیکردەوە "هەڵبژاردەکەمان بەهێز و گەورەیە، ئاستێکی بەرزمان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن پێشکەشکرد و ئەوە ئاستی راستەقینەمانە، لە تۆپی پێدا شتێک بەناوی مەحاڵ نییە و ئێمە تیپێکی ئاسان نین، دەزانین لە یارییەکانی پاشکۆ هەڵبژاردەکان بەهێزن و ئێمەش ئومێدی گەورەمان بە دەستەی راهێنەرانمان هەیە بۆ ئەوەی خەونی گەیشتن بە مۆندیال بکەنە راستی". 
 
بوونی ململانێی و باڵ باڵێن لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراقدا دەبیندرێت، بەشێوەیەک محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخە چووەتە ناوبژی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتییەکە. 
 
عەلی جەبار، لەبارەی ململانێکانی ناوخۆیان دەڵێت "لەنێو یەکێتییەکەماندا گفتوگۆی تووند و دەنگی ناڕەزایەتی بوونی هەیە، هۆکارەکەشی لەنێو ئەندامانی یەکێتییەکەماندایە کە هەر بە کێشە دەستمان پێکردووە و ئەوەندەی نەماوە، چەند مانگێکی دیکە چارەسەر دەبێت". 
 
بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەنجام بدرێت.
 
جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە هەوڵەکانی بۆ کورسیی سەرۆکایەتی ئاشکراکرد "بەرچاومان جارێ روون نییە بۆ هەڵبژاردن لەوانەیە گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی بکرێت یان هەر عەدنان درجال بمێنێتەوە، لەوانەیە من و ئەندامانیش بگۆڕدرێین، بەڵێ هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە و سەیری هەموو دۆخەکان دەکەم وەک بەربژێریک و بارودۆخی خۆشم بۆ داهاتوو گەر هەموو ئەو دۆخەی لە سەرۆکایەتی سەرم دەخەن هەبوو، بەدڵنیاییەوە خۆم بۆ سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەربژێر دەکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە