بە راشفۆردەوە، بزانە چوارینە ئاگرینەکەی کەتەلۆنیا چەند گۆڵیان هەیە!

22-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مارکوس راشفۆرد
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەنگاوێکی گرنگی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا نا و بە فەرمی مارکوس راشفۆردی هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی مانچێستەر یونایتدی گواستەوە ریزەکانی.


هێرشبەرە تەمەن 27 ساڵانەکە، رۆژی دووشەممە گەیشتە کەتەلۆنیا بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی، کە بەشێوەی خواستنە لەگەڵ بژاردەی کڕینەوەی یاریزانەکە بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە هاوینی داهاتوودا. راشفۆرد بە خێرایی و هێز و توانای گۆڵکردنی، هێزی زیاتر دەداتە هێڵی پێشەوەی یانە کەتەلۆنییەکە کە پێشتر یەکێک بوو لە بەهێزترین هێڵەکانی هێرشبردنی ئەوروپا.

وەرزی رابردوو، چوار هێرشبەرە سەرەکییەکەی بارسێلۆنا (رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی، رافینیا، لامين یەماڵ و فێران تۆرێس) پێکەوە 113 گۆڵیان تۆمارکردبوو و 60 گۆڵیشیان دروستکردبوو. لە بەرامبەردا، مارکوس راشفۆرد لە 41 یاریی وەرزی رابردوودا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد و ئاستۆن ڤێلا (کە نیوەی دووەمی وەرز بە خواستن یاریی بۆ کردن) 11 گۆڵ و 9 ئاسیستی هەبوو.

بە هاتنی راشفۆرد، بارسێلۆنا دەبێتە خاوەنی هێڵێکی هێرشبردن کە یاریزانەکانی وەرزی رابردوو پێکەوە 124 گۆڵیان تۆمارکردووە و 69 گۆڵیشیان دروستکردووە.

لە وەرزی رابردوودا، ئاماری هێرشبەرەکانی بارسێلۆنا بەم شێوەیە بوو:

رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی: 42 گۆڵ لە 52 یاریدا.

رافینیا: 34 گۆڵ و 25 ئاسیست.

لامين یامال: 18 گۆڵ و 25 ئاسیست لە 55 یاریدا.

فێران تۆرێس: 19 گۆڵ و 7 ئاسیست لە 45 یاریدا.

هاتنی راشفۆرد بژاردەی تاکتیکیی زیاتر دەداتە دەستی هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە، چونکە یاریزانە ئینگلیزییەکە دەتوانێت لە هەموو شوێنەکانی هێڵی پێشەوە یاری بکات، بەتایبەتی لە باڵی چەپ، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پشوودان بە یاریزانان و پلانی جیاواز لە یارییە گرنگەکاندا.

کارگێڕیی بارسێلۆنا متمانەیان هەیە کە راشفۆرد لەژێر سەرپەرشتی فلیکدا بگەڕێتەوە بۆ باشترین ئاستی خۆی، بەتایبەتی کە لە وەرزی 2022-2023 توانیبووی 30 گۆڵ تۆمار بکات. گرێبەستەکە بەهۆی بژاردەی کڕینەوەی گونجاوەوە، وەک گرەوێکی زیرەکانە سەیر دەکرێت کە مەترسی ئابووریی کەمە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە