رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە شانۆی شاتلێی فەرەنسا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی چەندین ئەفسانە و کەسایەتی تۆپی پێی جیهان و عوسمان دێمبێلێی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا یانەی پاریس سانجێرمان بووە براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر وەک باشترین یاریزانی ساڵ. ئایتانا بۆنماتی، خانمە یاریزانی بارسێلۆناش باڵۆندۆری خانمانی بردەوە.
سەرەتا بە خەڵاتی کۆپای بۆ باشترین یاریزانی لاو دەستیپێکرد و لامین یامالی یاریزانی لاوی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستیهێنا. کە ئەمە جاری دووەمە خەڵاتی کۆپا دەباتەوە.
لامین قسەی کرد و گوتی "سوپاسی بارسێلۆنا دەکەم، ئەگەر یانەکەم نەبووایە نەدەبوومە براوەی ئەم خەڵاتە".
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان بووە باشترین راهێنەری ساڵ و بەو بۆنەیەوە رایگەیاند "پیرۆزبایی لە هەموو یاریزانەکانم دەکەم، شایستەی بردنەوەی خەڵاتە تاکەکەسییەکانن".
سارینا وایگمانی راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا بووە باشترین راهێنەری تیپی خانمان.
جیانلویجی دۆنارووما، گۆڵپارێزی پێشووی پاریس سانجێرمان و ئێستای مانچێستەر سیتی بەباشترین گۆڵپارێزی ساڵ دەستنیشانکرا و خەڵاتی لیڤ یاشینی بردەوە.
دۆنارووما بەو بۆنەیەوە گوتی "سوپاس بۆ هەمووان. هیوادارم خەڵات و نازناوی زیاتر لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەدەستبهێنم".
تیپی خانمانی یانەی ئارسیناڵ بەباشترین تیپی خانمانی ساڵ دەستنیشانکران و پاریس سانجێرمانی براوەی چامپیۆنزلیگ بووە باشترین یانەی جیهان.
ڤیکتۆر یوکێرێشی هێرشبەری پێشووی لیسبۆنی پۆرتوگالی، کە ئێستا لە ئارسیناڵە، خەڵاتی گێرد مۆلەری بۆ باشترین گۆڵکاری ساڵی بردەوە.
یوکێرێش گوتی "سوپاس بۆ هەمووان، ساڵێکی مەزن بوو بەکۆمەڵێک یادەوەریی مەزنەوە".
باجۆر، خانمە یاریزانی بارسێلۆناش، خەڵاتی گێرد مۆلەری بۆ باشترین گۆڵکاری خانمانی بردەوە، ئەو خانمە گوتی "سوپاس بۆ بارسێلۆنا و هاوڕێکانم. ئەوان نەبوونایە من ئەم خەڵاتەم نەدەبردەوە".
رێکخراوی زانا، کە لویس ئێنریکێ دایمەزراندووە، خەڵاتی سوقراتیسی بەدەستهێنا بۆ کاری خێرخوازی.
ئایتانا بونماتی، خانمە یاریزانی بارسێلۆناش باڵۆندۆری خانمانی بردەوە، کە سێیەمجارە لەسەریەک دەباتەوە و رایگەیاند "سوپاسی فرانس فۆتبوول دەکەم کە ئەم خەڵاتەی پێدام، ئەگەر بەدەستم بووایە لەگەڵ ئێوەم دابەش دەکرد".
عوسمان دێمبێلێی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا یانەی پاریس سانجێرمان بووە براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر وەک باشترین یاریزانی ساڵ. ئەو گوتی "ساڵێکی زۆر ناوازە بوو، کە هەموو شتێکمان تێدا بردەوە". عوسمان هەروەها سوپاسی بارسێلۆنای کرد، کە تیپی پێشووی بوو. هەروەها گوتی "عوسمان دێمبێلێ: دەمانەوێت جامی جیهانی ببەینەوە لەپێناو دیشام".
لامین یامال دووەم و ڤیتینیا سێیەم بوو، کە ریزبەندیی 10 باشترینی جیهان بەمشێوەیە بوو:
10 - نونو مێندێش
9 - جیانلویجی دۆنارووما
8 - کۆڵ پاڵمەر
7 - کیلیان ئێمباپێ
6 - ئەشرەف حەکیمی
5 - رافینیا
4 - محەممەد سەڵاح
3 - ڤیتینیا
2 - لامین یامال
1 - عوسمان دێمبێلێ.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ