رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەیاوەریی 20 کەس لە نزیکەکانی، گەشتی پاریس دەکات بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆر.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، لاوە ئیسپانییەکە بەنیازی ئەنجامدانی ئاهەنگێکی گەورەیە لە پاریس، ئەگەر خەڵاتەکە بباتەوە.
ئەگەرچی، عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان بەدیارترین بەربژێری بردنەوەی باڵۆندۆر دادەنرێت، بەڵام هەمووان سوورن لەسەر بەشداریکردن لە ئاهەنگەکە و لامین لە نێویاندا بەتایبەت خۆی ئامادەکردووە.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، خێزانەکەی لامین، هەموویان جلوبەرگی مارکەی دۆلچی گابانای بەناوبانگ لەبەردەکەن و لامین خۆیشی بەهەمان شێوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بەبایەخدانی ئەو یاریزانە لاوە بەئاهەنگەکە، بەتایبەتیش کە لامین دەیەوێت دەرکەوتنی لە ئاهەنگەکەدا زۆر جێگەی سەرنج بێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، لامین وایداناوە ئەگەر خەڵاتەکە بباتەوە، ئاهەنگێکی گەورە و تایبەت لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ساز بکات، بەڵام پلانەکەی و شوێنی ئاهەنگەکەی زۆر بەنهێنی ماوەتەوە، بەتایبەت کە زۆرینەی ئاماژەکان بەئاراستەی دەستنیشانکردنی عوسمان دێمبێلێن.
پاریس سانجێرمان و ناسڕ خلێفیی سەرۆکی، هەڵمەتێکی گەورەی پشتگیرییان بۆ دێمبێلێ دەستپێکردووە و لەسەر چەندین ئاستی جیاواز داوای پێدانی خەڵاتەکە بەعوسمان دەکەن. لە بەرامبەردا بارسێلۆنا هیچ هەڵمەتێکی پشتگیریی بۆ لامین بەرپانەکردووە و بەپێچەوانەوە یانەکە لە بڵاوکراوەیەکی سادەدا ئامادەبوونی سێ یاریزان و راهێنەری یانەکەی لە ئاهەنگەکە راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ