ریال مەدرید و یوڤێنتوس یاریی لووتکە دەکەن

22-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید یوڤێنتۆس چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانی کارڤاخاڵ و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد گەڕانەوە نێو مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید و یانەکە سێیەم یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا ئەنجامدەدات.
 
کاژێر 22:00 ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەکات و دەیەوێت سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبهێنێت و لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بمێنێتەوە.
 
بەر لە یارییەکە و لە دوایین مەشق و راهێنانەکاندا، دانی کارڤاخاڵ و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد گەڕانەوە نێو مەشقەکانی یانەی شاهانە، ئەگەر ئەمشەویش یاری نەکەن بۆ یاریی کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادەدەبن.
 
ریال مەدرید لە دوو یاریی رابردوودا لە مارسیلیا و کایرات ئاڵماتیی بردووەتەوە و ئەمشەو تاقیکردنەوەیەکی زەحمەتتری دەبێت بۆ درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی.
 
پێشتر هەردوو یانە 22 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، ریال مەدرید 12 یاریی بردووەتەوە، 8 جار دۆڕاوە لە دیارترین یارییەکانی نێوانیان، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2016-2017ـەیە، کە ریال مەدرید 4-1 یارییەکەی بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
یانەی یوڤێنتوس لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لە ئەگەری دۆڕانی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بە ئەگەری زۆرەوە ئیگۆر تودۆر، راهێنەری یانەکە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.
 
یوڤێ، لە دوایین شەش یارییدا هیچ یارییەکی لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئیتاڵیا نەبردووەتەوە، یانەکە لە دوایین یاریی سێری ئادا بەرامبەر کۆمۆ دۆڕاوە و بەر لەوەش لەگەڵ ئەیسی میلان یەکسانبوو، لە هەردوو یارییەکەی چامپیۆنزلیگیشدا نەیتوانیووە بردنەوە تۆمار بکات، ئەمە هاندەرانی یانەکەی بەتەواوی نیگەرانکردووە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێت "هەردوو یاریی بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا و لازیۆ لە خولی ئیتاڵیا، دوایین هەلی ئیگۆر تودۆر دەبن و لە ئەگەری دۆڕانیان لەو یارییانەدا لە پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە دووردەخرێتەوە."
 
بیانکۆنێری 12 جار لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال مەدرید یارییکردووە، تەنیا سێ یاریی لە یانەی شاهانە بردووەتەوە، ئەمشەویش ئەرکی یانە ئیتاڵییەکە ئاسان نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە