ئەو بکوژەی یانەکەی رەتیکردەوە بارسێلۆنا فەرشی سووری بۆ راخست

22-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیرۆم بواتینگ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆنا مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە بەهۆی جیرۆم بواتینگی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن؛ کە بێگومان هۆکارەکە وەرزشی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتییە.
 
بەرگریکارەکەی پێشووی بایرن میونشن چەند رۆژێک لە دامەزراوەکانی یانەی بارسێلۆنا بەسەردەبات بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن و راهێنانە پێویستەکان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی راهێنەرایەتی.
 
قبوڵکردنی داواکارییەکەی بواتینگ لەلایەن کارگێڕیی بارسێلۆناوە مشتومڕێکی گەورەی دروست کردووە، کە پەیوەستە بە رووداوەکانی رابردووی کاروانی وەرزشیی بواتینگەوە. بەنێوبانگترینیان لە ساڵی 2018 بوو، کاتێک خۆی و شيرين سێنلەر، دایکی دوو کچە جمکەکەی، لە کاتی بەسەربردنی پشوودا لە دوورگەکانی کاریبی بەشەڕ هاتوون.
 
بەپێی سکاڵای نزیکەکانی شیرین، یاریزانەکە لەو گەشتەدا سووکایەتی پێکردووە و لێیداوە و گازی لێگرتووە، بەمەش بووەتە هۆی بریندارکردنی دەموچاوی و دواتریش شیرین خۆی کوشت.
 
بواتینگ دانی بەوەدا نا کە ناکۆکییەکە تووند بووە، بەڵام  ئەوەی رەتکردووەتەوە کە تووندوتیژی جەستەیی لەدژی شیرین بەکارهێنابێت.
 
لە سەرەتادا بڕیاربوو ئەم راهێنانانە لە یانەی پێشووی واتە بایرن میونشن ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی گوشاری کۆمەڵایەتییەوە نەیتوانی ئەو کارە بکات و یانەکە رێگەی پێنەدا تەواوی بکات.
 
هاندەران رەخنەی تووندیان ئاراستەی یانەکە و یاریزانەکە کرد بەهۆی رێگەدان بەو کارە، لە کۆتاییدا بواتینگ بڕیاریدا ئەو بەرنامە راهێنانانە لە یانە باڤارییەکە تەواو نەکات بۆ ئەوەی لە مشتومڕی زیاتر سەبارەت بە دۆسێیە دادگاییەکانی بەدوور بێت و لە یانەی بارسێلۆنا تەواویان بکات.
 
ئێستا ئەو کارەی بارساش هاندەرانی یانەکەی تووڕە کردووە و پێیانوایە یانەکەیان کە خاوەنی دروشمی گەورەی مرۆییە نابێت یارمەتی کەسێک بدات کە بەهۆیەوە مرۆڤێک خۆی کوشتووە.
 
هاندەرانی بارسێلۆنا رەخنەی تووند لە کارگێڕیی یانەکەیان دەگرن و بواتینگ بە 'بکوژ' نێودەبەن و دەڵێن "کەسێک یانەکەی خۆی قبوڵی نەکات، بۆچی دەبێت بارسێلۆنا قبوڵی کات و فەرشی سووری بۆ رابخات، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی بە بارسێلۆناوە نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە