رۆناڵدۆ دەیەوێت جیهان شۆک بکات

23-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڤینیسیۆس جونیۆر یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دەبێتە ئامانجی ململانێیەکی بەهێزی نێوان چەند یانەیەکی سعودی لە ماوەی مڕکاتۆی هاوینەی داهاتوودا. دەشڵێن "بەڵام یانەی نەسڕ دەیەوێت لە رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە هەموو جیهان شۆک بکات و یاریزانە بەرازیلییەکە رازی بکات درێسە زەردەکە لەبەربکات".
 
خولی سعودیە، ڤینیسیۆسی لەسەرووی بژاردەکانی داناوە، وەک چۆن عومەر مەغربڵی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خولی رۆشن، لە لێدوانەکانی پێشوودا بۆ رۆژنامەی مارکا رایگەیاندبوو "ئێمە خەون نابینین.. تەنیا پرسی کات و دانوستاندنەکانە".
 
پێشتر ناوی ڤینیسیۆس پەیوەست بوو بەئەگەری پەیوەندیکردن بەیانەی ئەهلی سعودییەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید پابەندبوونی خۆی بە یاریزانە بەرازیلییەکە پشتڕاستکردەوە، کە گرێبەستەکەی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 درێژدەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستەکە بڕگەی سزاییەکەی یەک ملیار یۆرۆیە، لە کاتێکدا بەهای ئێستای ئەو یاریزانە لە بازاڕدا بە 200 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
 
راپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری هەیە بەرپرسانی خولی سعودیە لە ماوەی داهاتوودا جارێکی دیکە کار بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس بکەنەوە، پێشبینیش دەکرێت دەستەوارەیەکی فەرمی بەبڕی 350 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی یاریزانە بەرازیلییەکە بنێرن.
 
ئەگەرچی سەرچاوەکان پێشتر رایاگەیاندووە کە یانەی دیارترین بەربژێرە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینی، بەڵام نەسڕ بیر لەوە دەکاتەوە ڤینی بباتە ریزەکانی و لە رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، کە هەمیشە ڤینی سەرسامبوونی خۆی بەو نیشانداوە، رازی بکات بچێتە نەسڕ.
 
میدیای سعودیە دەڵێن، نەسڕ زیادکردنی هێرشبەران دەکاتە ئامانج بەمەبەستی بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکە و کارکردن بۆ رازیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی کاپتنی تیپەکە بۆ بەردەوامبوون و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە دروستکردنی تیپێکی بەهێز لە دەوری خۆی بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو رکابەرییەکی بەهێز بکات.
 
لەنێو هەموو ئەم هەواڵانەدا، بەرنامەی بەناوبانگی ئیسپانی "ئێل چیرینگویتۆ" لە زاری بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدەوە بڵاویکردەوە، هیچ نیازێک نییە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی رۆشن بکەن بۆ فرۆشتنی گرێبەستی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە.
 
پێشکەشکاری بەرنامەکە، جۆزێپ پێدرێرۆل، کە ناسراوە بەوەی زۆر نزیکە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، ئاشکرایکرد کە لەلایەن یانە ئیسپانییەکەوە پێیگوتراوە "ئەگەر سعودییەکان بیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس بکەن، ئەوا دەبێت ملیارێک یۆرۆ بخەنە سەر مێزی ریال مەدرید".
 
ڤینیسیۆس جونیۆر لە هاوینی 2018 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە و لەو کاتەدا لە فلامینگۆی بەرازیلییەوە هاتبوو.
 
ڤینیسیۆس تاوەکو ئێستا زیاتر لە 290 یاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە، هەروەها هەموو نازناوەکانی لەگەڵ تیپەکە بەدەستهێناوە، دیارترینیان دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و سێ نازناوی خولی ئیسپانیایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە