هەولێر لە دۆخێکی کارگێڕیی خراپدا دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات

23-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە بردنەوەکانی یانەی هەولێر، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی کەربەلا یاری دەکات و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی کەربەلا یاری دەکات، دوو رۆژی رابردوو یانەکە رۆژێک بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان مەشقیان نەکردووە و دوێنێش دوور لە چاوی کامێراکان، یانەکە دوایین راهێنانەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر کەربەلا، یانەی هەولێر مووچەی مانگی رابردوو دەداتە یاریزانەکانی دوای ئەوەی 150 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و کۆی 2017 ملیۆن دیناری بۆ پێدانی مووچەی تیپی عێراقی یانەکە تەواوکرد.
 
هەولێر شەوی رابردوو گرێبەستکردنی لەگەڵ عەباس یاسین، یاریزانی یانەی نەورۆز راگەیاند، بەڵام ئەو یاریزانە ئەگەر یاریش بکات بەشێوەی یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا بکات بەشێوەی سەرەکی یاری ناکات، جگە لەوەش هەولێر گرێبەستی لەگەڵ هالیسۆن پادیلا، بەرگریکاری بەرازیلی واژۆکردووە و ئەو یاریزانە بە رووداوی گوت "چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی گەشتەکەمم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکەم."
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی کەربەلا، هەولێر لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ و کەربەلا لە پلەی شازدەیەمە بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ.
 
کەربەلا رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەولێر ئەنجامدا و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باش لە یاریگە بێتە دەرەوە.
 
یانەکە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دوای 15 یاری تەنیا 3 بردنەوەی تۆمارکردووە و یەک بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە، دوو یارییەکەی دیکەی لە یاریگەی خۆیدا بردووەتەوە.
 
کەربەلا لە 6 یارییدا دۆڕاوە 3 لەو یارییانەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە، ئەمڕۆ تیپەکە چاوی لەوەیە ئەنجامەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی باشتر بکات، بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە