رووداو هەولێر
لە گەڕی شازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 19:30 یانەی هەولێر بەئامانجی بردنەوەیەکی دیکە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی کەربەلا دەکات.
تیپی خاوەن هاندەر و خانەخۆی ئامانجیەتی چێژی بردنەوەی یاریی رابردوو و بردنەوەی لە یانەی کەرخ دووبارە بکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەچەند رۆژی رابردوودا یاریزانانی لەنێو نیگەرانی وەرنەگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانیاندا بوون و بایکۆتی یەکەیەکی راهێنانیان کرد، بەڵام دوێنێ کێشەکانیان چارەسەرکرا.
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، دوایین راهێنانی تیپەکەی بەشێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامدا، بەشێوەیەک تەواوی دەرگاکانی یاریگەکان داخراو بوون، درێس زەردەکان دوای شەوی رابردوو گرێبەستی عەباس یاسینی بەرگریکارییان وەک هەنگاوی گۆڕانکاری لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئاشکراکرد.
یانەی کەربەلا وەرزی ئەمساڵ بەهۆی سزادانی لەلایەن فیفاوە بەدۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، تیپەکە ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێکی ناوخۆی عێراق و پیشەگەر واژۆ بکات، بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی شازدە و ناوچەی مەترسی دابەزین بۆ خولی نایابی عێراقە.
میوانەکەی هەولێر دوایین یەکەی ئامادەکاری لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریریدا ئەنجامدا، لەم یارییەدا سێ یاریزانی سەرەکیان کە بریتیین لە عەبدولقادر تارق، حوسێن تاڵیب لەگەڵ عەباس ئەیاد بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن.
موسەنا خالید، یاریدەدەری راهێنەری یانەی کەربەلا، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "سەبارەت بە تیپی کەربەلا هەمووان دەزانن کە کەربەلا سزادراوە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و مافی هێنان و گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی ناوخۆی و پیشەگەر نییە، ئێمە پشت بە پێکهاتەیەک لە یاریزانانی لاوانی یانەکەمان دەبەستین لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان کە وەرزی رابردوو لەنێو سیستەمی خولەکە ناوییان تۆمارکراوە، لەگەڵ هەموو ئەو دۆخەی یانەی کەربەلا تێیدایە هەموو یارییەک بۆ ئێمە یاریی کۆتاییە لەگەڵ هەر یانەیەک بێت، هەولێر بێت، شورتە یان جەوییە، ورەمان بەرزە و دەمانەوێت ئاستێک پیشانبدەین کە لە ئاستی متمانەی پارێزگای کەربەلا بێت، هەرچەندە سێ یاریزانی سەرەکیمان تووشی پێکان بوون و ناتوانن یاریبکەن".
یانەی هەولێر خاوەنی 22 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، بردنەوەی سێ خاڵی دیکە تیپەکە بەرەو پلەکانی سەرەوەی ریزبەندی دەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ