پێشاننەدانی وێنە و ڤیدیۆکانی وریا غەفووری هەرای نایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن وریا غەفووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی یانەی ئیستقلال دا لە خولی ئێران، وریا غەفووری، ئەستێرەی پێشووی یانەکە و راهێنەری کاتیی تیپەکە پشتگوێ دەخرێ و کاردانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
لە رکابەرییەکانی خولی ئێران، یانەی ئیستقلال بەرامبەر مس رەفسنجان یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
 
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنج بوو و کاردانەوەی لێکەوتەوە، پشتگوێخستنی وریا غەفووری بوو، لەلایەن تۆڕی (شبکە سە)ـی ئێرانی کە یارییەکانی خولی ئێران دەگوازێتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڤیدیۆ و وێنەکانی ئەویان پێشاننەدا و ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
دوای ئەوە یانەی ئیستقلال لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ وریا غەفووری دووپاتکردەوە و دەڵێت "لەکاتێکدا ووریا غەفووری وەکو راهێنەری ئیستقلال بەرپرسیارەتیی لە ئەستۆ بوو، بەشێوەیەکی سەیر و بەبێ هیچ پاساوێک بەتەواوی پشتگوێخرا، بە جۆرێک کە نە وێنەکانی لەسەر کورسی یەدەگ و نە لەسەر هێڵی یاریگە لەلایەن دەرهێنەری تەلەڤزیۆنییە پێشان نەدران، جگە لەوەش بێژەری یارییەکە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە ئامادەبوونی نەکردووە و لە ستودیۆی راستەوخۆی یارییەکەشدا پێش و دوای یارییەکەش هیچ وێنەیەکی راهێنەری ئیستقلال نەخرایەڕوو."
 
یانەی ئیستقلا ئەم هەڵوێستە بە کارێکی نا پیشەگەرانە، نا دادپەروەرانە و پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی زانیاری و گەیاندنی وەرزش دەزانێت و چاوەڕوان دەکات بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پەیوەندیدار لەو تۆڕە لەو بارەیەوە روونکردنەوە بدەن و زانیاری پێویست بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە بکرێ.
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەی ئیستقلال تاران دەڵێت "ئەم یانەیە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە ملیۆنان بینەر و هاندەری ئیستقلال، رایدەگەیێنێ بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام بەردەوامدەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە