کچە وەرزشڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا لە یاری زۆرانبازی چەندین نازناوی بەدەستهێناوە

23-03-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
سارینا ساڵحی لە پاڵەوانێتی کراوەی زۆرانبازیدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا
سارینا ساڵحی لە پاڵەوانێتی کراوەی زۆرانبازیدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کچە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە یاریی زۆرانبازیدا لە ئەڵمانیا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەستێرەیەکی دیار و لە پاڵەوانێتییەکی ئەو وڵاتەدا پلەی دووەمی رکابەرییەکەی بردەوە.
 
سارینا سۆران سالحی، کچە یاریزانێکی لاوە، لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، ئەو پێشتر لە یۆنان بەشداریی لە چەندین پاڵەوانێتی جیاوازی یاریی زۆرانبازیدا کردووە، ئێستا لەگەڵ خانەوادەکەی لە شاری کریفێڵی نزیک دۆسلدۆرف دادەنیشێت.
 
سارینا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکی کراوەی یاریی زۆرانبازیدا کردووە کە 36 تیپی جیاواز تێیدا بەشداربوون، کچە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تیپی کەی سی ئێفی جێرمەنی یارییدەکات و لە پاڵەوانێتییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانیی پلەی دووەمی رکابەرییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.
 
لە پاڵەوانێتییەکەدا تیپەکان لە هەموو ئەڵمانیا بەشداریانکرد کە ئەو وڵاتە گرنگییەکی زۆر بە یارییەکە لەسەر ئاستی خانمان دەدات و ساڵانە چەندین پاڵەوانێتی بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی یارییەکە دەکات.
 
سۆران ساڵحی، باوکی سارینا دەڵێت، "سارینا چوار قۆناخی بەسەرکەوتوویی بردووەتەوە، بەڵام لە فیناڵدا لەگەڵ رکابەرەکەی کە زۆریش بەهێز نەبوو توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت."
 
پێشتر لە 5ـی ئەم مانگە سارینا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکی دیکەدا کرد کە ئەویشیان لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لەو پاڵەوانێتییەشدا پلەی سێیەمی بردەوە کە هۆڵەندا، فەرەنسا، سویسرا و بەلجیکا تێیدا بەشداربوون.
 
سارینا لەلایەن باوکییەوە راهێنەرایەتی دەکرێت، ئەو ئێستا بە پێنج زمان قسەدەکات، کوردی، فارسی، یۆنانی، ئینگلیزی و ئەڵمانی و چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە ئەستێرەیەکی دیاری زۆرانبازی لەسەر ئاستی خانمان لە ئەڵمانیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە