ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە و یانەیەک دەگاتە یاریی کۆتایی

23-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی عەین یانەی هیلال چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا لەنێوان هەردوو یانەی هیلالی سعودی و عەینی ئیماراتی بەڕێوەدەچێت و یەکێکیان دەگاتە یاریی کۆتایی خولەکە.
 
یارییەکە کاژێر 21:00 لە یاریگەی کینگ دەم ئارێنا لە ریاز بەڕێوەدەچێت، هیلال دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، سەرەڕای ئەوەی ئەرکەکەی زەحمەتە.
 
لە یاریی چوونی ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، یانەی عەینی ئیماراتی بەسەرکردایەتیی سوفیان رەحیمی، ئەستێرەی مەغریبی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی هیلال بەدەستهێنا، یانە سعودییەکە لە دوای بردنەوەی 34 یاریی بەدوای یەکدا تووشی یەکەم دۆڕانبوو و ریکۆردە مێژووییەکەی راگیرا.
 
بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی هیلال ئەمشەو پێویستە بەجیاوازیی سێ گۆڵ یارییەکە بباتەوە، هەر ئەنجامێکی دیکە یانەکە لە یاریی کۆتایی بێبەش دەکات و عەین دەگاتە یاریی کۆتایی.
 
خۆرخی جیسوس، راهێنەری یانەی هیلالی سعودی بەر لە یارییەکە دەڵێت "ئەمە جاری یەکەمە یاریی گەڕانەوە بکەین و تیپەکەمان لە دواوە بێت، بەڵام تیپەکەم باش دەناسم و دەزانم توانای چەندە، متمانەمان بەخۆمان هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، هەموو یاریزانانی هیلال ئەو توانایەیان هەیە کە ئەوە بکەن و دەستکەوتێکی دیکە بەدەستبهێنین."
 
لەلایەن خۆیەوە هێرنان کریسپۆ، راهێنەری یانەی عەینی ئیماراتی گوتی "شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەین بۆ ئەنجامدانی یاریی قۆناخی پێشکۆتایی، پێویستە لەسەرمان بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکەین، چونکە رووبەڕووی رکابەرێکی گەورە دەبینەوە، ژمارە و ئامارەکانیان بەدرێژایی ئەم وەرزە قسەدەکەن، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بەباشترین ئاستەوە دەربکەوین و هەوڵدەدەین دەستکەوتێکی زۆرجوان بەدەستبهێنین."




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە