ڤینیسیۆس جونیۆر بەتووندی سزا دەدرێت

23-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر سڕکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە، مەترسی ئەوەی لەسەرە لەلایەن فیفاوە سزا بدرێت و دوو ساڵ سڕبکرێت.
 
ڤینیسیۆسی تەمەن 24 ساڵ، ئێستا باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید ئەزموون ناکات، ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە چەند یارییەکدا لەلایەن هاندەرانی ریال مەدریدەوە فیکەی بۆ لێدراوە.
 
زێدەباری ئەوە گوشارەکانی سەر ڤینی زیاتر دەبن، بەهۆی ئەوەی ئێستا میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر هەیە لەلایەن فیفاوە بەتووندی سزا بدرێت.
 
وردەکارییەکانی کێشەی ڤینیسیۆس
 
رۆژنامەی مارکا وردەکارییەکانی ئەو قەیرانەی ئاشکراکرد کە رووبەڕووی ئەو یاریزانە بەرازیلییە بووەتەوە، کە بەهۆیەوە هەڕەشەی سزاکانی فیفای لەسەرە.
 
رۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە ڤینیسیۆس لەڕێگەی کۆمپانیایەکەوە کە لەلایەن باوک و بەرێوەبەری کارەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت، بەشدارە لە کڕینی چەندین یانەی تۆپی پێ، ئەمەش پێشێلکردنی رێساکانی فیفایە. 
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێک سکاڵای لەسەر یاریزانە بەرازیلییەکە لە فیفا تۆمارکردووە و داوایکردووە زۆرترین سزای بەسەردا بسەپێنرێت، کە لەلایەن لیژنەی رەوشتی فیفاوە یەکلایی دەکرێتەوە.
 
رۆژنامەکە سەبارەت بەو سزایانەی کە دەکرێت بەسەر ڤینیسیۆسدا بسەپێنرێن، روونیکردووەتەوە کە سزاکانی ڤینیسیۆس دەکرێت بریتی بن لە راگرتن بۆ ماوەی دوو ساڵ، کە ئەو زۆرترین و قورسترین سزا دەبێت.
 
دەشکرێت سزادانەکە تەنیا دارایی بێت، هەروەها دەکرێت سزایەکەی دەستبەرداربوون بێت لە خاوەندارێتی ئەو یانانەی کە خاوەندارێتییان دەکات.
 
ریال مەدرید لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا لە چامپیۆنزلیگ لەلایەن ئارسیناڵەوە کرایە دەرەوە و هەروەها جامی سوپەری ئیسپانیاش بە بارسێلۆنا دۆڕا. ئێستا تەنیا نازناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا ماون کە مێرینگێ لەم وەرزەدا دەتوانێت رکابەری لەسەریان بکات و لە یاریی کۆتایی جامی شادا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە