رووداو - هەولێر
یانەی زەورای عێراقی، بڕیاریدا بەشێوازێکی تایبەت رێز لە ئەحمەد رازی، ئەفسانە و ئەستێرەی پێشووی یانەکە و هەڵبژاردەی نیشتیمانیی عێراق بگرێت.
ئەو یانەیەی ئەحمەد رازی تێیدا ناوبانگی دەرکرد، وەک وەفا و رێزێک بۆ ئەستێرەی کۆچکردوو، بڕیاریدا درێسی ژمارە 8ـی بۆ هەتا هەتایە هەڵبگیرێت و هیچ یاریزانێکی ئەو یانەیە لەبەری نەکاتەوە.
رۆژی 13ـی ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، تووشبوونی ئەحمەد رازی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێندرا و راستەوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە، لە ڤیدیۆیەکدا رازی رایگەیاند تەندروستیی جێگیرە، بەڵام دوای چەند رۆژێک تەندروستی رازی تێکچووەوە و رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە نەخۆشخانەی ئەلنوعمان لە بەغدا گیان لەدەستدانی راگەیێندرا.
ئەو بڕیارەی یانەی زەورا دوای پێشنیازی موهەنەد عەبدولڕەحیمی کاپتنی ئێستای یانەکە هات، کە درێسی ژمارە 8ـی یانەکە لەبەردەکات و داوای لە یانەکەی کرد وەک وەفایەک بۆ ئەحمەد رازی ئەو ژمارەیە هەڵبگیرێت و هەموو ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئەو یانە عێراقییە رەزامەندییان لەسەر پێشنیازەکە نیشاندا و کرایە بڕیار.
لەو بارەوە کارگێڕی یانەی زەورا رایگەیاند، ئەمە کەمترین شتە کە وەک وەفایەک لە بەرامبەر کاپتن ئەحمەد رازیدا بکەن و دووپاتیشیان کردەوە کە داواکاریەکیان پێشکەشی عەدنان درجالی وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی رەزامەندی نیشان بدات لەسەر ئەوەی یانەکە ناوی یاریگەکەی بکاتە ئەحمەد رازی.
ئەحمەد رازی، بە درێژایی تەمەنی یاریکردنی بۆ یانەی زەورا و هەڵبژاردەی نیشتیمانیی عێراق، بە درێسی ژمارە 8ـەوە یاری کردووە.
ئەحمەد رازی، دووەم ئەستێرەی بەنێوبانگی عێراقە، دوای عەلی هادی بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەستدات.
ئەحمەد رازی، خاوەنی تاکە گۆڵی عێراقە لە مێژووی مۆندیالدا، کە لە مۆندیالی 1986 بەرامبەر بەلجیکا گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد، ئەو بەربژێری بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بوو، بەڵام کۆرۆنا رێگەی نەدا لە ژیان بەردەوامبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ